لوبنان داوا لە عێراق دەکات گەشتە ئاسمانییەکانی دەستپێبکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لوبنان داوا لە عێراق دەکات گەشتە ئاسمانییەکانی دەستپێبکاتەوە و عێراقیش بۆ دەستپێکردنەوە گەشتەکان، چاوەڕێی سووریا دەکات.
مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری گواستنەوەی عێراق رۆژی یەکشەممە، 15-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق هیچ لارییەکی نییە، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ لوبنان دەستپێبکاتەوە و ئامادەیە، بەڵام دەبێت ئاسمانی ناوچەکە بەدیاریکراویش سووریا بەتەواوی ئامادە بێت".
مەیسەم سافی گوتی، تاوەکو ئێستا سووریا بە فەرمی ئاگاداری نەکردوونەتەوە، کە ئاسمانیان ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی. هەر کاتێک بە فەرمی ئاگادار کرانەوە، گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.
عەلی حمیە، وەزیری گواستنەوە لە حکومەتی کاربەڕێکەری لوبنان، ئەمڕۆ یەکشەممە 15-12-2025 داوای لە هێڵی ئاسمانیی عێراقی کرد، گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ لوبنان و بەپێچەوانەوە دەستپێبکەنەوە.
دوای ئەوەی بەهۆی رووداوەکانی لوبنان زیاتر لە دوو مانگ گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت، عێراق لە 27-11-2024 بڕیاری دا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەیرووت دەستپێبکاتەوە.
دوو کاروانی لوبناییەکان لە عێراق لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەڕێندراونەوە بۆ وڵاتەکەیان، هەر کاروانێک نزیکەی 150 کەس بوون.
بەڵام دوای هەفتەیەک لە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، بەهۆی رووداوەکانی سووریا و کەوتنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، رۆژی 8ـی ئەم مانگە جارێکی دیکە عێراق گەشتەکانی بۆ لوبنان راگرت.
عەلی حمیە رایگەیاند، فڕۆکەکانی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسمانی سووریا بەکاردەهێنێت بۆ هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی، ئەویش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنی و فڕۆکەخانەی دیمەشق.