لە میسان بەهۆی خۆڵبارینەوە زیاتر لە 53 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران
رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی میسان رایدەگەیێنێت، بەهۆی خۆڵبارینەوە زیاتر لە 53 کەس رەوانەی نەخۆشخانەکانی میسان کراون و چارەسەرکراون.
محەممەد کینانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی میسان، یەکشەممە 15-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو کاژێر 11:59 خولەکی شەوی رابردوو، زیاتر لە 53 کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە تووشی هەناسەتەنگی بوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، چارەسەرکراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی میسان گوتی، رێکارەکانیان گرتووەتە بەر بۆ پێشوازی و چارەسەرکردنی ئەوانەی بەهۆی ئەو خۆڵبارینەوە تووشی هەناسەتەنگی بوون.
سەرچاوەی سەرەکیی خۆڵبارینەکە سووریایە، خێرایی بای باکوور 70 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، بەغدای پایتەختی بە چڕیی گرتەوە.
شەوی رابردوو لە بەغدا زیاتر لە 20 کەس بەهۆی هەناسەتەنگی، لە نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە ناوچەی سەدری شاری بەغدا چارەسەریان وەرگرتووە.
لە دوێنێ شەممەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانی نێوەڕاست، رۆژئاوا، هەندێک ناوچەی باشووری عێراق، باشووری نەینەوا و سەلاحەدینی گرتەوە.
ئەمڕۆش لە زۆربەی ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق خۆڵبارین چڕبووەتەوە، ماوەی بینین زۆر کەمبووەتەوە، ئەمڕۆ ئێوارە کاریگەرییەکەی کەمدەبێتەوە.