بەرپرسێکی ئەنبار: 2150 ئەفسەر و سەربازی سووریا لە کەمپێکی بێ خزمەتگوزاری دانراون

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، 2150 سەربازی سووریایی، کە پلەداری گەورەشیان تێدایە لە کەمپێکی پارێزگای ئەنبار نیشتەجێکراون، کە خزمەتگوزاریی تێدا نییە.
 
عیماد دلێمی، قایمقامی قەزای رووتبە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 15-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەنێو ئەو سەربازانە کەسانی پلەداری وەکو عەمید هەن. هەروەها بەشێکیان کارمەندی گومرگی سووریان.
 
قەزای رووتبە گەورەترین قەزای عێراقە لە رووی رووبەرەوە، 300 کیلۆمەتر لە روومادی سەنتەری پارێزگاری ئەنبارەوە دوورە و لەگەڵ ئوردن، سووریا و سعودیە هاوسنوورە.
 
عیماد دلێمی باس لەوە دەکات، سەربازەکان لە کەمپێک دا لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی مورەسەنات نیشتەجێکراون، کە 70 کم لە رۆژئاوای رووتبە و چوارڕیانی ترێبیل و تەنەف دوورە. دلێمی دەڵێت، کەمپەکە کارەبای نییە، ئاویشی وەک پێویست نییە.
 
بەگوتەی قایمقامی رووتبە، زۆربەی سەربازەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەتایبەتی دوای دەرچوونی بڕیاری لێخۆشبوونیان؛ بەڵام بەهۆی داخستنی سنوور و نەبوونی فڕۆکە، پرۆسەی گەڕانەوەیان دواکەوتووە.
 
رۆژی شەممە (7ـی کانوونی یەکەمی 2024) باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "ئەمڕۆ نزیکەی 2000 سەربازی سوپای سووریا پەنایان بۆ سنوورەکانی عێراق هێناوە و بە رەزامەندیی ئێمە، لە سنوورەکان هاتوونەتە نێو خاکی عێراقەوە."
 
عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا هەیە.
 
نایف شەممەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "رۆژی سێشەممە (10-12-2024) پارێزگاری حەسەکە، بەڕێوەبەری ئاسایشی حەسەکە و بەرپرسی حیزبی بەعس لە حەسەکە لە رێگەی دەروازەی سنووریی رەبیعەوە هاتوونەتە نێو عێراق." 
  
نایف شەممەری راشیگەیاند، لە ئەنبار خێوەت و شوێن بۆ سەربازانی سووریایی دانراوە، پێویستییەکانیان بۆ دابینکراوە. هەندێک لە هۆزەکانی ئەنبار پێشوازیان لێکردوون و پێویستیان بۆ دابین کردوون.