سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق روونکردنەوە لەبارەی گۆڕینی فەوجێکی سەرۆکایەتی دەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکایەتی کۆمار رایگەیاند، پشتیوانیی تەواوی رێکارەکانی حکومەت دەکات بۆ رێگریی لە کردنە ئامانجی نێردە دیبلۆماسی و باڵەخانەکانی حکومەت، دەشڵێت ئەو فەوجە سەرۆکایەتییەی گۆڕاوە و فەوجێکی دیکە شوێنی دەگرێتەوە لە ساڵی 2015وە لەژێر فەرمانی پۆلیسی فیدڕاڵیدایە.
 
رۆژی هەینی، 15-12-2023، سەرۆکایەتی کۆمار روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی شوێنی فەوجێکی سەرۆکایەتی کۆمار و دانانی فەوجێکی هێزە تایبەتەکان لە شوێنیان بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی رۆژی هەینیی رابردوو 8-12-2023، لە ناوچەی سنووری دەسەڵاتی فەوجەکەوە هێرشکرابووە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆکایەتی کۆمار پشتیوانی تەواوی ئەو رێکارانە دەکات، کە حکومەت بۆ سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و رێگری لە کردەوە و کارەکانی دەرەوەی یاسا لە کردنە ئامانجی نێردە دیبلۆماسییەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق، دەیکات. ئەو کارانە سەقامگیریی وڵات دەکەنە ئامانج و پێشێلکردنی سەرەوەریی عێراق و شێواندنی وێنەکەیەتی لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
 
هەروەها دەشڵێت، "ئێمە پشتیوانی لەو رێککارانە و ئەو پلانانە دەکەین کە بەمدواییانە گیراونەتەبەر، لەنێویاندا لێپرسینەوە لە سەرجەم ئەو هێزانەی بەرپرسن لەو ناوچە ئەمنییەی کە دەستدرێژییەکەی تێدا روویداوە، دەشمانەوێت ئەوە روونبکەینەوە کە فەوجی سەرۆکایەتیی ئاماژەبۆکراو لە ساڵی 2015وە لەژێر فەرماندەی لیوای سێی پۆلیسی فیدڕاڵیدایە."
 
رۆژی هەینی، 8-12-2023، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەکەیان رایگەیاند، "کاژێر 4:15ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 8ـی کانوونی یەکەم، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە دوو مووشەک رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەوە..تاوەکو ئەم ساتە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە کە لە عێراقدا ئازادانە چالاکن."
 
رۆژی 9ـی ئەم مانگە، لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاری لێکۆڵینەوەی لە ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و ئەفسەران داوە دوای کردنە ئامانجی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بڕیاریداوە بە گۆڕینی فەوجی سەرۆکایەتیی بە فەوجێکی تایبەت لەو ناوچەیەی رووداوەکەی تێدا روویداوە.
 
دوێنێ پێنجشەممە 14-12-2023، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا راگەیاند، "دوای هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و تەکنیکی، دەزگا ئەمنییەکانمان توانییان ناسنامەی بکەرانی هێرشەکە ئاشکرا بکەن. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەداخەوە هەندێکیان پەیوەندییان بە دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە."