عێراق پلانێکی بۆ چارەسەری کەمئاوی ئامادەیە و چاوەڕوانی سەردانی ئەردۆغانە


رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق لە ریزبەندی ئەو پێنج وڵاتەیە کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی سەرەکی لەسەریان هەیە و ئاو لە وڵاتەکە کەمبووەتەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "پلانێکی ستراتیژیمان ئامادە کردووە و بەهیواین لەگەڵ سەرۆکی تورکیا لە سەردانی داهاتوویدا بۆ بەغدا، کە نزیکە، واژۆی بکەین."
 
چالاکڤانێکی بواری ژینگە کە لە هەمانکاتدا خوێندکارە، لە بەرنامەی بێستوون تۆک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی پرسی، ئەوەی کە لە عێراق دەگوزەرێت لە وشکبوونی هۆڕەکان و ئەو ئاسەوارانەیە کە لێی دەکەونەوە بەتایبەتی لە پارێزگای میسان کێشەکە لە خراپ بەڕێوەبردنی ئاوە لە ناوخۆ، یان کەم بەردانەوەی ئاوە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و گۆڕینی ئاراستەی رووبارەکان و دروستکردنی بەنداوە؟ 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە وردی باسی کێشەکەی کرد و گوتی، لە هەموو ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کێشەی کەمئاوی هەیە، "چونکە لەوانەیە هەندێک وا بیربکەنەوە کە لە هەرێم [ـی کوردستان] کێشەی کەمئاوی نییە. لە هەولێریش کێشەی کەمئاوی هەیە. لەوێش بیر لێدەدەن و لەوێش کێشە هەیە... ئەم کێشەیە لە زۆر ناوچە گەیشتووتە ئاستی هەڕەشە لە بەردەوامیی ژیان بەهۆی کۆچ و ئاسەوارەکانییەوە. کەواتە ئاو کەم بووە.. رێژەی بەبیابانبوون زیادی کردووە.. سووتاندنی گازی هاوەڵمان هەیە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر قەتیسبوونی گەرما هەیە.. کێشەگەلێکمان لە ژینگە هەیە."
 
کێشەیەکی دیکەی سەرەکی لەبواری ئاودا کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، ناڕێکییە لە تۆڕەکانی زێراب و رژانی ئاوی قورسە بۆنێو رووبار و رێڕەوە ئاوییەکان و عێراق ئەوەی "فەرامۆشکردووە" کە چۆن چارەسەری بکات.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "هەموو ئەو ئاوەی دەچێتە تۆڕەکانی ئاوی قورسەوە بۆ کوێ دەڕوات؟ دەڕژێتە رووبارەکانەوە. ئینجا قەبارەی ئەم کێشەیە بهێننە پێش چاوتان، تۆ لەلایەک ئاستی ئاوی رووبارەکانت دابەزیوە، بەڵام لەولاوە پاشماوەی ئاوی بەکارهاتوو لەڕێی تۆڕی زێرابەکانەوە زیاد بووە. ئەمە کارەساتی ژینگەیی دەخاتەوە وەکو ئەوەی ئێستا روودەدات. پلانی من ئێستا بۆ 2024 هەمووی بۆ وێستگەکانی چارەسەرە.. لە موسڵەوە بۆ بەسرە، چونکە هیچ پڕۆژەیەک وەکو ئەمە گرنگ نییە کە پەیوەندی بە تەندروستی و ژینگەوە هەیە."
 
مەبەستەکەی سوودانی وەکو خۆی روونیکردەوە ئەوەبوو کە "رووباری دیجلە و رێڕەوەکانی دەبنە وێستگەی ئاوی قورس. لە بێجی دانراوە، لە سەلاحەدین و دەچێتە خوارەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە." 
 
"کێشەمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەیە"
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد کە کێشەیەکیشیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ [ئێران و تورکیا] هەیە. ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە رێژەی ئاوی خۆیان بکەن، پڕۆژە جێبەجێ دەکەن. تورکیا کۆمەڵێک بەنداوی دروستکردوون کە لەو رێگەیەوە کارەبا بەرهەم دەهێنن. "بەڵام ئەوە لەسەر حسابی ئەو بڕە ئاوەیە کە دەڕژێنە دیجلە و فوراتەوە. ئێرانیش هەروا لەڕێی چەند پڕۆژەیەکەوە رێڕەوی هەندێ لە رووبارەکانی گۆڕیوە و ئەوەش کاریگەری خستووەتە سەر ئاستی ئاوی ئەو رووبارە لاوەکییانەی دەڕژێنە دیجلەوە."
 
ئەو کارەی وڵاتانیش کێشەکەی بۆ عێراق ئاڵۆزتر کردووە. محەممەد شیاع سوودانی گوتی، "هەوڵەکانمان لە چوارچێوەی کاری دیپلۆماسیدایە، چونکە ناتوانین بڕۆین لەڕێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە گرژتری بکەین، ئەوە کاتی زۆری دەوێ و کاریگەری لەسەر ئەسڵی کێشەکەش دەبێ. حکومەتی ئێستا، بۆئەوەی لەم کێشەیە دەرباز بین، پلانێکی ستراتیژیمان ئامادە کردووە کە بێستوون هەر لەم بەرنامەیەی ئێوەوە بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکەین. پلانەکە پەیوەستە بە ئیدارەدانی ئاو، چونکە کێشەی ئێمە، لەپاڵ هەموو ئەو کێشانەی ئاماژەم بۆ کردن، گۆڕانی کەشوهەوا و رەفتاری وڵاتانی دراوسێ، ئێمە کێشەمان لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئاودا هەیە."
 
هەروەها باسی لەوەکرد کە "زۆربەی جووتیارەکانی ئێمە هەتا ئێستاش بە شێوازە کۆنەکان ئاودێری دەکەن. تۆیش ئەوە باش دەزانی خەڵکی خۆمان لە عەممارە و لە پارێزگاکانی دیکەش رەنگە برایان هەموو ئەوە بزانن. لەم پلانە کشتوکاڵییەدا نرخێکمان داناوە بۆ بەرهەمی گەنمی ئەو جووتیارەی شێوازی رشاندن بەکاردێنێ، نرخەکەی زیاترە لەو گەنمەی جووتیارەکە بەهەمان شێوازی کۆن ئاودێری کردووە. ئەمە یەکەم جارە شتی وا دەکەین."
 
هەنگاوی داهاتووی لایەنە پەیوەندیدارەکان وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی دەکات دەبێت ئەوەبێت کە "گرنگی بەو ئاوە بدەین بۆ کشتوکاڵ تەرخان کراوە و بڕەکەی نزیکەی 65٪ دەبێت لەکۆی ئەو ئاوەی بۆ ئێمە دێت. واتە تۆ ئەگەر ئیدارەدانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵیدا بگۆڕی بۆ شێوەیەکی زانستی، بیهێنە پێش چاو لەو رێژەی 65٪ـە چەندی بۆ ئاوی خواردنەوە دەگەڕێتەوە. کەواتە ئەمە پرۆسەی بەڕێوەبردنێکی یەکتر تەواوکەرە بە ئاوی قورسیشەوە. هەموو دەوڵەتانی دنیا ئاوی زێراب بۆ کشتوکاڵ بەکاردێننەوە. ئەو ئاوە بەفیڕۆ نادەن، ئەوە بەشێکە لە داهاتی ئاو. هەمووان دڵنیادەکەمەوە کە پلانێکی ستراتیژیمان ئامادە کردووە و بەهیواین لەگەڵ سەرۆکی تورکیا لە سەردانی داهاتوویدا بۆ بەغدا کە نزیکە، واژۆی بکەین."
 
لەبارەی سوودوەرگرتن لە ئاوی باراناو و بەفراوی چیاکانی کوردستانیش، سوودانی رایگەیاند، "پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە نییە. ئێمە لە 2003 وە هەتا ئێستا هیچ بەنداوێکمان دروست نەکردووە، ئەوەش بەهۆی تێچووە زۆرەکەی و ئەو پارەیەی دەبێ بۆی تەرخان بکرێ، هەروەها لەبەر ئەوەش کە دۆسیەی ئاو بەجددی وەرنەگیرابوو. لەبیرتە ساڵانێک ئاوی بارانمان زۆر بوو، ستراتیژیانە بیرمان لەوە نەکردبووەوە. ئێستا ئەمڕۆ باران هەیە، سبەی لەبیر نەکەین ئەم وشکەساڵییە جیهانییە، ئەمە قەیرانێکی جیهانییە و هەر تایبەت نییە بە عێراق. هەر حەوت ساڵ جارێک، ئەمە قسەی دوایین راپۆرتە، هەر حەوت ساڵێک ئاستی ئاو هەندێک دادەبەزێ."
 
لەنێو "پلانە ستراتیژییەکەی" عێراق، کۆمەڵێک بەنداوی دانراوە کە لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێن. سوودانی گوتی، "ئەمە لە چوارچێوەی پلانەکەیە چونکە پلانێکی تەواوە بۆ سەرانسەری عێراق. ئەمانە بەنداوی بچووکن بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران بۆئەوەی دواتر بۆ پێداویستیی دیکە بەکاربێت. من گەشبینم و قەناعەتیشم وایە کە ئەم پلانە و ئەم پڕۆژە ستراتیژییە چارەسەرێکی نموونەیی دەبێت بۆ کێشەی ئاو بەشێوەیەکی ریشەیی. بە پشتبەستن بە قسەی تەکنیککاران و خەڵکانی پسپۆڕیش دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە کە ئەو داهاتە ئاوەی هەمانە، ئەگەر بەباشی مامەڵەی لەگەڵ بکەین بەشی هەموو پێداویستییەکانمان دەکات."
 
دوایین قسەی سوودانی لەسەر ئەو پرسە ئەوەبوو کە لە هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای ئاو کە خۆم سەرۆکایەتی دەکەم، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و چەند پسپۆڕێک لە هەموو دانیشتنەکاندا ئامادە دەبن.