لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن: بەکارهێنانی درۆن و فلایکام لە رۆژی هەڵبژاردن قەدەخەیە

15-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لێژنەی باڵای ئەمنیی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند، رێگە بە هیچ فلایکام و درۆنێک نادرێت لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بەکاربهێندرێت و مامەڵەی دوژمنی لەگەڵدا دەکرێت، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، "هەموو رێوشوینەکان بۆ ئەوەن هەڵبژاردن بەبێ تەگەرە بەڕێوەبچێت."
 
رۆژی هەینی، 15-12-2023، لیژنەی باڵای ئەمنیی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند، "بەبێ رەزامەندی هێزە ئەمنییەکان، رێگە بە بەکارهێنانی هیچ فلایکامێک بۆ وێنەگرتن و درۆنەکان بۆ کاری مەدەنی نادرێت، پێچەوانەی ئەوەش بەپێی رێساکانی رووبەڕووبونەوە، مامەڵەی دوژمنیان بۆ دەکرێت."
 
ئەو هۆشدارییەی لیژنەی باڵای ئەمنیی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی شەممە، 16-12-2023، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەبچێت و رۆژی 18ـی ئەم مانگەش دەنگدانی گشتی.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی هەینی، 15-12-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو رێوشوێنە ئەمنی، هونەری و یاساییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەواو بوون، لیژنەی باڵای ئەمنی ژمارەیەک بڕیاریداوە لەپێناوە سەقامگیریی و ئاسایی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان و تاوەکو ئێستا هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی نەبووە و هەموو پلانەکان بۆ ئەوەن رێگە بە هیچ تەگەرەیەک نەدرێت و هەڵبژاردن بەوپەڕی ئاسایی و ئاسانی دەستپێبکات و کۆتایی پێبێت."
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە 18ـی ئەم مانگە لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە  15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 1 ملیۆن و 2 هەزار و 393 دەنگدەریش لە رۆژی دەنگدانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت