بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆتایی هات

رووداو دیجیتاڵ 

لە بەیانیی ئەمڕۆ هەینییەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی هات. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، هەر بەربژێر و هاوپەیمانی و حیزبێک پێشێلکاری بکات سزا دەدرێت.
 
کاژێر 6:00ـی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 15-12-2023، ماوەی "بێدەنگیی میدیایی" دەستیپێکرد، کە بریتییە لە راگرتنی بانگەشەی بەربژێران و لیست و قەوارەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە 18ـی ئەم مانگە دەستپێبکات، راگرتنەکەش پێش 24 کاژێر بەر لە دەنگدانی تایبەت دێت، کە رۆژی شەممە، 16-12-2023 دەستپێدەکات.
 
کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، نووسراوێکی لەوبارەیەوە ئاڕاستەی دەزگاکانی راگەیاندن لە عێراق کردووە و داوایان لێدەکات لە کاژێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە، هیچ بابەتێکی میدیایی تایبەت بە هەڵبژاردن بۆ هیچ قەوارە و لیست و هاوپەیمانی و بەربژێرێک بڵاونەکەنەوە.
 
جگە لەوە کۆمیسیۆنەکە داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە لەو ماوەیەدا هیچ بابەتێکی میدیایی کە لە دژی بەربژێران هەبێت، بڵاونەکەنەوە.
 
رۆژی هەینی، 15-12-2023 عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەبێت سەرجەم بەربژێران و میدیاکان پابەندی وادەی راگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن بن، چونکە دەستیپێکردووە و هەر سەرپێچییەک هەبێت تۆماردەکرێت و لێپرسینەوە و پێبژاردنیشی تێدایە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 14-12-2023، د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری حیزبەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ 701 سەرپێچی تۆمارکراون، زۆرینەی ئەو سەرپێچیانە دوای رێکارەکانی کۆمیسیۆن لابراون، تەنیا 245 سەرپێچی ماوە و ئەو سەرپێچیانەش بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، زیاتر لە 40 بڕیار بۆ سزادانی ئەوانەی سەرپێچیان کردووە دەرکراوە، سزاکانیش لە نێوان 500 هەزار دینار بۆ 5 ملیۆن دینارە."
 
بڕیارە رۆژی 16ـی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت و 18ـی مانگیش دەنگدانی گشتی.