جێگری بەڕێوەبەری بانکە تایبەتەکانی عێراق: 80٪ـی عێراقییەکان پارەیان لە ماڵەوە هەڵدەگرن

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق دەڵێت، کردنەوەی هەژماری بانکی لەلایەن خەڵک و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و دامەزراوەکانەوە زیادی کردووە و پێشینی دەکات ژمارەی ئەو هەژمارانەی تەنیا ئەم ساڵ دەکرێنەوە بگاتە 1.5 ملیۆن هەژماری بانکی؛ دەشڵێت، "رێژەی 70٪ بۆ 80٪ـی عێراقییەکان پارەکەیان لە ماڵەوە هەڵدەگرن."  

رۆژی پێنجشەممە، 14-12-2023، ئەحمەد هاشمی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کردنەوەی هەژماری بانکی لەلایەن خەڵک و کۆمپانیا و دامەزراوەکانەوە لە عێراق زیادیکردووە. ئەوەش بەشێکی پەیوەندی بە هۆشیارییەوە هەیە؛ بەشێکی دیکەی پەیوەندی بە رێکارەکانی بانکی ناوەندی و زۆربوونی بانکەکان و ئاسانکارییەکانیانەوە هەیە. ئەوە یەکێکە لە خاڵە باشەکان کە خەڵک بیر لە کردنەوەی هەژماری بانکی دەکەنەوە".

ئەحمەد هاشمی گوتیشی، "ئەم ساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار هەژماری بانکی لە عێراق کراونەتەوە. پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئەو ژمارەیە بگاتە یەک ملیۆن و 500 هەزار هەژماری بانکی و ساڵی داهاتووش ژمارەکە زیاتر دەبێت".

جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق رووکردنی عێراقییەکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بە گرنگ زانی و گوتی، یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ دەرهێنانی پارە لە ماڵەوە بە مەبەستی بازرگانیکردن، چونکە بەگوتەی ئەو، "هێشتنەوەی پارە لە ماڵەوە کاریگەری لەسەر پارەی کاش لە عێراق دەبێت" و ئاماژەی بەوەشکرد، "کردنەوەی هەژماری بانکی سەرەتایەکە بۆ کەمکردنەوەی پارەی کاش و مامەڵەی کاش؛ لە هەمان کاتدا ئەو پارە زۆرەی کە بەپێی بانکی ناوەندیی عێراق لە ماڵەکاندا هەڵگیراوە کە لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەردا نزیکەی 93 تریلیۆن دینار بووە دەهێنێتە دەرەوە و کاریگەری لەسەر کەرتی ئابووری و بانکیی وڵاتیش دەبێت".

ئەحمەد هاشمی کەمکردنەوەی سپیکردنەوەی پارەی بە یەکێک لەو خاڵە ئەرێنییانە ناوبرد کە کردنەوەی هەژماری بانکی رۆڵی تێدا هەیە و گوتیشی، "تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو قەبارەی ئەو پارەیەی لە عێراقدا لە چاپ دراوە و بۆ مامەڵە خراوەتە بازاڕەوە 102 تریلیۆن و 600 ملیار دینار بووە، بەڵام تاوەکو ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ 93 تریلیۆن و 100 ملیار دینار لە دەرەوەی دەزگای بانکی بووە؛ تەنیا 9 تریلیۆن لە نێو بانکەکاندا بووە".

ئەو قسانەی ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق بۆ رووداو، لەکاتێکدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-12-2023، عەلی تاریق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاند، کاری بانکەکان و کۆمپانیاکانی پارەپێدانی ئەلیکترۆنی فراوان بووە و تاوەکو 30ـی ئەیلوولی 2023 لە عێراقدا 10 ملیۆن و 20 هەزار هەژماری بانکی هەبوون، ئەوەش بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 14٪ زیادبووە، بەو پێیەی ئەو ژمارەیە لە ساڵی رابردوودا 8 ملیۆن و 790 هەژماری بانکی بووە".

عەلی تاریق ئەوەشی گوت، کارتە بانکییەکان بە رێژەی 14.2٪ زیادیکردووە و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و بانکەکان لە ماوەی ئەو 9 مانگەی یەکەمی ئەم ساڵدا دوو ملیۆن و 300 هەزار کارتی بانکیان دەرکردووە و کۆی ئەو کارتانەشی تاوەکو ئەو ماوەیە لە عێراق هەبوون گەیشتووەتە 18 ملیۆن و 500 هەزار کارت؛ هەروەها خاڵەکانی فرۆشتنیش لە 10 هەزار و 718 ئامێرەوە لە کۆتایی ساڵی رابردوو بۆ 23 هەزار و 261 ئامێر زیادیکردووە".

سەبارەت بە ئامێرەکانی راکێشانی پارە" ATM"یش، عەلی تاریق دەڵێت، ئامێرەکان بە رێژەی 30.5٪ زیادیانکردووە و لە ساڵی رابردوودا 2901 ئامێر هەبوون، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ گەیشتوونەتە 2 هەزار و 223 ئامێر.