کوردێک بە باڵاکورتترین پیاوی جیهان لە کتێبی گینس تۆمار دەکرێت

15-12-2022
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
کاتی پێوانی باڵای ئەفشین
کاتی پێوانی باڵای ئەفشین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەفشین ئیسماعیل قادەرزادە، لەدایکبووی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ناوی چووە کتێبی گینسەوە بۆ باڵاکورتترین پیاوی جیهان. ئەفشین حەوت سانتیمەتر لە خاوەنی ژمارەی پێوانەیی پێشووی کورتترین پیاوی جیهان، کورتترە.
 
رۆژی چوارشەممە، 14-12-2022، ئەفشینی تەمەن 20 ساڵ لە دوبەی بە باڵاکورتترین پیاوی جیهان دیاریکرا. پێوانەی ئەفشین ماوەی 24 کاژێری پێچوو کە بە سێ قۆناخی جیاواز و بە پێوانەی ستاندارد باڵایان دیاریکرد تاوەکو دڵنیابنەوە ریکۆردەکە لای ئەوە.
 
باڵای ئەفشین 65.24 سانتیمەترە. ئەوە لە کاتێکدایە، باڵای ئێدوارد نینۆ هێرناندێز، هاووڵاتی کۆڵۆمبی تەمەن 36 ساڵ کە هەڵگری نازناوی باڵاکورتترین پیاوی جیهان بوو لە پێشوودا، 72.10 سانتیمەتر بوو.
 
ئەفشین بۆ تۆمارکردنی لە کتێبی گینس، پێویست بوو گەشت بۆ دوبەی بکات تاوەکو لە ئۆفیسی گینس لە دوبەی پێوانە بکرێت. هەروەها وەک باڵاکورتترین پیاوی جیهان سەردانی بورجی خەلیفە، بەرزترین باڵەخانەی لە جیهان کرد.

 

 
ئەفشین لە گوندێکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. ئەو کاتەی لەدایک بووە کێشی تەنیا 700 گرام بووە، لە 20 ساڵی تەمەنیشیدا کێشی گەیشتووەتە شەش کیلۆگرام و نیو.
 
ئەفشین بە رەچەڵەک کوردە، بەڵام زمانی فارسیش دەزانێت.
 
ئەفشین بەهۆی باڵایەوە نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە، بەڵام دەڵێت زۆر دڵخۆشە کە دەتوانێت ئێستا ناوی خۆی بە کوردی بنووسێت.
 
ئیسماعیل قادەرزادە، باوکی ئەفشین بۆکانی دەڵێت، "بەهۆی چارەسەری پزیشکی و لاوازی جەستەییەوە، کوڕەکەم وازی لە خوێندن هێنا، بەدەر لەوە هیچ کێشەیەکی دەروونی نییە".

 

 
ئەفشین حەزێکی زۆری بۆ بەکارهێنانی مۆبایل هەیە و شارەزاییەکی باشیشی تێدا هەیە، بەڵام دەڵێت، کێشی قورسە و هەندێک جار لە بەکارهێنانیدا دەستی ماندوو دەبێت.
 
ئەفشین لە خێزانێکی بۆکاندا دەژی کە دۆخی داراییان مامناوەندە و دایک و باوکی هەموو هەوڵێک بۆ ئەوە دەدەن خەرجییەکانی دابین بکەن و چارەسەرە پزیشکییەکانی بۆ دابین بکەن. ئەفشین دەیەوێ کار بکات، بەڵام بەهۆی باڵایەوە ناتوانێت.
 
ئەفشین رۆژەکانی بە سەیرکردنی فیلم کارتۆنەوە بەسەر دەبات، کارتۆنی مشک و پشیلە (تۆم و جێری) بەرنامەی دڵخوازی ئەفشینە و دەڵێت، "زیاتر پشیلەکەم خۆشدەوێت".
 
یەکێکی دیکە لەو شتانەی ئەفشین کاتی پێوە بەسەر دەبات، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و پەیجێکی تایبەت بە خۆی لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام هەیە و هاوڕێکانی هاوکاری دەکەن بابەتی نوێ بۆ شوێنکەوتووانی بڵاوبکاتەوە.

 

 
ئەفشین حەزی لە سەیرکردنی تۆپی پێش هەیە. ئەو هاندەری یانەی ئیستیقلالە لە تارانی پایتەختی ئێران. هەروەها کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هێرشبەری پۆرتوگالی و عەلی دایی، هێرشبەری پێشووی ئێران دوو لە دڵخوازترین یاریزانەکانن لای ئەفشین.
 
ئەفشین کەسایەتییەکی کراوەی لەگەڵ دراوسێ و خەڵکی گوندەکەیان هەیە، بەڵام ناتوانێت بە تەنیا بە نێو گوندەکەدا بگەڕێت. ئەفشین بە هیوایە بتوانێت ژیانێکی ئاسایی بکات وەکو خەڵکی دیکە، ئەو بە تایبەت خواستی شۆفێریکردن و کڕینی ئۆتۆمبێلە.
 
یەکێک لەو کێشانەی رووبەڕووی ئەفشین دەبێتەوە لە ژیانیدا، کڕینی جلوبەرگە، بۆیە زۆبەی کات جلەکانی لەلای بەرگدروو بە کردن دەدات. ئەو ناتوانێت وەرزش بکات، بەڵام زۆر حەزی لە هەڵپەڕکێ و سەماکردنە و هەر کە گوێی لە گۆرانییەکی کوردی شاد دەبێت، دەست بە سەماکردن دەکات.
 
ئەفشین بەهیوایە لە رێگەی دەستخستنی ئەو نازناوەوە بەناوبانگ ببێت و لە داهاتووشدا هاوکاری دایک و باوکی بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.