سێ پەرلەمانتاری شیعە دژی خەرجکردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان سکاڵا تۆمار دەکەن

15-12-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجکردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و دەڵێن سکاڵا تۆمار دەکەن.
 
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 14-12-2022 نووسراوی فەرمیی بۆ دەزگای داواکاری گشتی کردووە، وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و، تێیدا سکاڵای لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران تۆمار کردووە دژی بڕیاری خەرجکردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 13-12-2022ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
 
هادی سەلامی، کە خۆی بە پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەناسێنێت، پێیوایە ئەو بڕیارە پێچەوانەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق و پێشلکردنی یاسای ئیدارەی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019یە؛ ناردنی ئەو بڕە پارەیەش بە "بەهەدەردانێکی ئەنقەستی دارایی گشتی" و "تاوانی پەکخستنی بە ئەنقەستی دادگەی باڵای فیدراڵی" ناودەبات.
 
هەروەها رۆژی چوارشەممە 14-12-2022، سعود سەعدون ساعدی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی حقوقی سەر بە کەتائیب حزبوڵڵا، نووسراوێکی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. وێنەیەکی نووسراوەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و، تێیدا پرسیاری هۆکاری رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی لێکردووە لەسەر خەرجکردنی ئەو 400 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە ئەوە پێچەوانەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵییە.
 
مستەفا سەند، ئەندامی لیژنەی دارایی، کە خۆی وەکو پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ دەناسێنێت، رایگەیاند، لەسەر خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای تۆمار کردووە و پێیوایە پێچەوانەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی و یاسایە.
 
هەر لەوبارەوە، رۆژی پێنجشەممە 15-12-2022، د. محەممەد نووری عەبد رەبە، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عەزم لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەرێمی کوردستان ئەرک و مافی هەیە. بەپێی بەرنامەی وەزاری، حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکەوتووە پارەی بۆ رەوانە بکات، ئەمەش بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانە، لە بەرامبەردا پێویستە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق وردبینی و چاودێریی ئەو پارەیە بکات."
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە 13-12-2022 کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "پاڵپشت بە کارنامەی وەزاری کە هێزە سیاسییەکان لەسەری رێککەوتوون و پەرلەمانی پەسندی کردووە، بەپێی بڕیاری (ژمارە 18ی ساڵی 2022) بە نووسراوی ژمارە (1/9.د.خ./س.1/18) لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە وەزارەتی دارایی 400 ملیار دینار خەرج بکات، ئەوەش وەک شایستەی هەرێمی کوردستان."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو بڕە پارەیە لە داهاتی نەوتی و نانەوتییە و لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە بە هاوئاهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وربینی دەکرێت، ئەوەش دوای تەواوکردنی هەژماردنی داهاتی نەوتی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
400 ملیارەکە بۆ دوو مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمە. لە حوزەیرانی 2021دا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق رێککەوتن کە مانگانە حکومەتی عێراق 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. بەڵام ئەمساڵ تەنیا دوو جار ئەو پارەیە نێردراوە.
 
رۆژی سێشەممە 13-12-2022، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندیی داوە بە ناردنی بڕی 400 ملیار دینار وەکو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەریەکە لە مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی 2022.
 
وەک فارس عیسا گوتی: "ئەوە رێککەوتنی سەرەتاییە و دواتر دەست بە گفتوگۆ دەکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە