لە بابل باندێک بەناوی دلیڤەرییەوە خەڵک دەڕوتێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانى باندێک لە پارێزگاى بابل دەستگیرکران، کە بەناوى داواکردنى دلیڤەرییەوە ئەو کەسانەیان بردووەتە شوێنە دوورەدەستەکان و دواتر بە زەبری هێز رووتیان کردوونەتەوە.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو گرووپەى لە بابل راگەیاند، کە لە سێ کەس پێکهاتبوون و بەپێی وەزارەتەکە بە "شێوازێکى جیاواز" دزییان کردووە.
ئەندامانى ئەو باندە پەیوەندییان بە کۆمپانیاکانى دلیڤەرى و نوێنەرى کۆمپانیاکانەوە کردووە و بەناوى گەیاندنى داواکارییەوە پەلکێشیان کردوون بۆ ناوچە دوورەدەستەکان، لەوێ بە زەبرى چەک ئەوەی پێیان بووە لێیان سەندوون.
ئەندامانى ئەو باندە لە ناحیەى ئەبى غەرق لە بابل دەستگیرکراون، چەکیان پێ گیراوە و ناسنامەى سەرۆکى باندەکەش ساختە بووە.
بەگوێرەى وەزارەتى ناوخۆ، ئەندامانى باندەکە لەلایەن هێزێکى هاوبەشى بنبڕکردنى تاوان و هەواڵگرى بابل دەستگیرکراون.