سەرژمێرى، گۆڕانکاریی بەسەر ژمارە و پێوەری دیاریکردنی کورسییەکانى پەرلەمانی عێراق دەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای دەرکەوتنی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، بەپێی یاسا دەبێت گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، یان پێوەرى دیاریکردنى ژمارەی کورسییەکان بکرێت، ئەوەش پێویستى بە هەموارکردنەوەی یاساى هەڵبژاردن دەبێت.
رۆژی 20-11-2024 سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەکرێت، ئەنجامەکەى ژمارەى درووستى دانیشتووان و دابەشبوونیان بەگوێرەى پارێزگەکان یەکلایی دەکاتەوە.
ژمارەى نوێى دانیشتووان لە عێراق گۆڕانکارى لە هەندێک پێوەردا دەکات، لەوانە ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق.
بەگوێرەى مادەى 13ى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، ژمارەى کورسییەکان 329 دەبن تا ئەو کاتەى سەرژمێریى گشتیی نوێی دانیشتووان دەکرێت.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "چەند ئەگەرێک هەیە لەوانە یاساى هەڵبژاردن هەمووار بکرێتەوە، بەوەى ژمارەى کورسییەکان بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان دواى سەرژمێرى بگونجێندرێت."
بڕگەى یەکەمى مادەى 49ى دەستوورى عێراق پێوەرى هەر کورسییەکى پەرلەمانى عێراق بەرامبەر بە 100 هەزار کەس دیاری کردووە، بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى پلاندانانى عێراق ئەم ساڵ ژمارەى دانیشتووان 43 ملیۆن کەسە، بەوپێیە دەبێت کورسییەکانی پەرلەمانى عێراقیش 430 کورسی بن.
دارا سێکانیانى دەڵێت: "یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە یاساى هەڵبژاردن بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە پێوەرى ژمارەى کورسییەکان بەرامبەر بە ژمارەى دانیشتووان بگۆڕدرێت و ئەو 100 هەزار کەسە زیاد بکرێت کە وەک پێوەر بۆ کورسییەک دانراوە و ژمارەى کورسیەکانى ئێستاى پەرلەمان وەک خۆى بمێنێتەوە".
تاوەکو ساڵى 2010 ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق 275 کورسى بوو، کە لەسەر بنەماى ژمارەى دانیشتووان لە ساڵى 2005 دانرابوو. ئەوکات ژمارەی دانیشتووان 27 ملیۆن و 500 هەزار کەس بوو؛ بەڵام ژمارەکە لە ساڵی 2010 گەیشتووەتە زیاتر لە 32 ملیۆن کەس.