پەرلەمانی عێراق بەبێ حەلبووسی کۆبووەوە؛ لایەنەکان لەگفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی شوێنگرەوەی

رووداو دیجیتاڵ

زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و ئەمڕۆ پەرلەمانی بێ سەرۆکی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی 13 خولەکیدا دوو بڕگەی کارنامەی رۆژی سێشەممەی تێپەڕاند.
 
ئێستا چاوەکان لەسەر چارەنووسی کورسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقن، بابەتێک کە دەوڵەتی یاسا دەڵێ پشكی سوننەیە و چۆن رێکدەکەون، گرنگ پڕکردنەوەیەتی.
 
حوسێن مەردان، لە دەوڵەتی یاسا دەڵێ "ئێمە هێڵی سوورمان لەسەر هیچ کەسایەتییەک لەنێو هێزە سوننەکاندا نییە، رێکەوتنی سیاسی کۆماندەکاتەوە و پەنا بەخوا کۆمەڵێک ناو پێشنیاز کراون.''
 
فراکسیۆنی تەقەدومی حەلبووسی کە 43 کورسی هەیە، بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کردووە و، سەرۆک لێژنەکانیشی دەستیان لەکار کێشاوەتەوە. پرسێک کە بەلای هەندێک پەرلەمانتارەوە، دانیشتنەکانی پەرلەمانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
 
حەیدەر سەلامی، لە هاوپەیمانیێتی ئیمتیداد دەڵێ "لەبەرئەوەی تەقەدووم یەکێکە لە حیزبە هاوبەشەکانی دەسەڵات، ئەمە رەنگە لە ژوورە تاریکەکاندا گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەبێت".
 
کشانەوەی سێ وەزیر و 43 پەرلەمانتارەکەی تەقەدووم، هەلی بۆ سوننەکانی دژبەری تەقەدووم یان نزیک لە لایەنە شیعەکان رەخساندووە، کە ناوی کەسانێکی وەک مەحموود مەشهەدانی، خالید عوبەیدی و سالم عیساوی بۆ جێگرەوەی حەلبووسی بهێنن. 
 
لەنێو فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان، را و بۆچوونی دژبەیەک لەبارەی کات و چۆنییەتیی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان هەیە، کە چۆن دادگەی فیدراڵی هۆکاری دروستبوونی ئەم بۆشاییەیە، هەر خۆشی بابەتەکە یەکلاییبکاتەوە بڕیاری کۆتایی لەبارەیەوە بدات.