لە چوار پارێزگای عێراق بەهۆی بارانبارینەوە پشوو راگەیێندرا

رووداو دیجیتاڵ
لە چوار پارێزگای عێراق (دیوانیە، سەلاحەدین، موسەننا، زیقار) بەهۆی بارانبارین و مەترسیی لافاو، پشووی فەرمی راگەیێندرا.
هەریەک لەو پارێزگایانە لەڕێگەی راگەیێندراوی فەرمیی پارێزگاوە پشووی فەرمییان بۆ دەوامی سبەی (پێنجشەممە، 16-11-2023) راگەیاندووە.
لە سەرجەم پارێزگاکان وەک لە راگەیێندراوەکانیاندا هاتووە، پشووەکە بۆ ئەو قوتابییانە نییە، کە تاقیکردنەوەی دەوری سێیەمیان هەیە. پشووەکە هەروەها فەرمانگە خزمەتگوزاری، ئەمنی و تەندروستییەکان ناگرێتەوە.
دەستەی کەشناسیی عێراق ئەمڕۆ رایگەیاند پێشبینی دەکەن لە سەرانسەری وڵات لە رۆژانی داهاتوودا بارانی مامناوەند بۆ بارانی بەخوڕ ببارێت و، لە هەندێک شوێندا هەورەبرووسکەشی لەگەڵدا بێت.