بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی بەربژێر لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکرێت

15-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن دادگەی فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر بڕگەی تەمەنی بەربژێر لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکرا، سکاڵاکارەکان داوا دەکەن تەمەنی بەربژێر لە 30 ساڵەوە بۆ 25 ساڵ کەمبکرێتەوە.
 
پەرلەمانتار "عەدنان عاشوور" و رێکخراوی ئاشتی و ئازادی، کە رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنییە سكاڵایان لە دژی بڕگەی یەکەمی مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکرد، بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیارە رۆژی 29ـی ئەم مانگە تاوتوێی سکاڵاکە بکرێت.
 
سکاڵاکاران داوایانکردووە دادگەکە بڕگەی یەکەمی مادەی حەوتی یاسای ئەنجوومەنی نوێنەرانی و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ژمارە 12ـی ساڵی 2018 بە نادەستووری بزانێت.
 
بڕگەی یەکەمی مادەی حەوتەمی یاساکە تایبەتە بە مەرجەکانی بەربژێر و تێیدا هاتووە، "عێراقیی تەواو شیاو بێت و 30 ساڵی تەمەنی تەواو کردبێت." 
 
مودریک ئەسەدی، نوێنەری پرۆگرامی بەشداریپێکردنی گەنجان لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیی و نوێنەری رێکخراوی ئاشتی و ئازادی کە پارێزەری دۆسییەکەشە، رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو سکاڵایەمان کردووە بۆ ئەوەی تەمەنی بەربژێران لە 30 ساڵەوە بۆ 25 ساڵ کەمبکرێتەوە، چونکە ئێستا تەمەنی 25 ساڵ لە زانکۆ دەرچووە و بڕوانامەی ماستەریشی هەیە و مامۆستای زانکۆیە، چۆن دەکرێت رێگری لێبکەیت بۆ ئەوەی خۆی بەربژێر بکات، ئەمە کارێکی خراپە و داوا دەکەین هەموار بکرێتەوە."
 
ئەسەدی گوتیشی، داوایەکیان لە دادگەی فیدراڵی کردووە بۆ ئەوەی فەرمانێک بۆ راگرتنی رێکارەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان رابگرێت، تاوەکو ئەو کاتەی پەرلەمان ئەو بڕگەیە هەموار دەکاتەوە.
 
بڕیارە لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

‎گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە بیابانێکی دوورەدەستی سەماوەیە لە باشووری عێراق.

گۆڕە بەکۆمەڵەکەی ژن و منداڵانی کورد لە سەماوە هەڵدەدرێتەوە؛ تائێستا نازانرێت خەڵکی کوێی کوردستانن

‎ژن و منداڵەکان تا ئەو کاتەی جاڕی بردن بۆ مردنیشیان درا هەر جلی رەنگاورەنگیان پۆشیبوو و هەندێکیان تەسبیحەکەیان ملوانکەی ملیان بوو؛ ‎بە ئاگا لەوەی دەبێتە دوا بەڵگەی ناسینەوەی دوای مردنیان.