حکومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیار بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 15-10-2024دا کۆمەڵێک بڕیار و رێنمایی دەرکرد کە زیاتر پەیوەندییان بە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگەوە هەیە.
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر ئەم خاڵانە دەربڕی:
یەکەم: وەزارەتی ژینگە ئەو رێوشوێنانە دەگرێتەبەر:
- دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی نوێ بۆ ئەوەی داتای پێویستی لەبەردەست بێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زانستی پیسبوونی ژینگە چارەسەر بکرێت.
- وەستاندنی ئەو چالاکییانەی کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، لەوانەش بەکارهێنانی فلتەر بۆ ئەوەی دەردانی گازی زیانبەخش کەم بکرێتەوە.
- دانانی پڕۆگرامێکی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی کوالێتیی هەوا و گازەدەردراوەکان لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە؛ هەروەها دەستنیشانکردنی پێداویستی و رێکارەکانی باشکردنی کوالێتیی هەوا.
دووەم: وەزارەتی نێوخۆ ئەم رێکارە پێویستانە دەگرێتەبەر:
- چالاککردنی ئەرک و رۆڵی پۆلیسی ژینگە بۆ نەهێشتنی پاشماوە ژینگەییەکان و رێگری لەو کردارانەی کە ژینگە پیس دەکەن و گرتنەبەری رێکاری پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران.
- کۆتاییهێنان بە سووتاندنی پاشماوە و زبڵ، کوژاندنەوەی ئاگرەکان بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ژینگە و ئەنجامدانی هەڵمەتی ئەمنی کە ئامانج لێی چاودێریکردنی هەر شێوەیەکی پیسبوون دەبێت.
- چالاککردنی هەوڵە هەواڵگرییەکانی بەشی لێکۆڵینەوەی ژینگە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلکارییانە بکات لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی ژینگەوە تۆمار دەکرێن.
سێیەم: پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ، پارێزگا و شارەوانیی بەغدا رێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ سەوزکردنی ناوچەکانی دەرەوەی بەغدا و پارێزگاکان؛ هەروەها دەبێت کاربکەن بۆ ئەوەی پشتێنەیەکی سەوز دروستبکەن بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا؛ هەروەها دەبێت کاربکەن بۆ رێگەگرتن لە کەمبوونەوەی سەوزایی.