دادگەی فیدراڵی سکاڵای مامۆستایانى خوێندنى کوردى لە کەرکووک رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، لە یەکەم دانیشتنی دا، سکاڵاکەی مامۆستایانى خوێندنى کوردى لە کەرکووک رەتکردەوە.
نۆ مامۆستا سکاڵایان لەسەر سەرۆکوەزیران و سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمى کوردستان تۆماریان کردبوو. سکاڵاکاران داوایانکردبوو پرسی گواستنەوەى راژەکانیان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتى گشتیی پەروەردەى عێراق یەکلابکرێتەوە و رێکارى کارگێڕی و دارایی بۆ ئەو گواستنەوەیە بگیرێتەبەر. سکاڵالێکراوانیش ناچار بکرێت کە قەرەبوویان بکەنەوە.
دادگەی باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی مانگی وەک یەکەم دانیشتن دیاریکرد بۆ دادبینی ئەو کەیسە.
محەممەد جەلیل، یەکێک لە سکاڵاکارەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵاکەی ئێمەی رەتکردەوە، بە پاساوی ئەوەی سکاڵاکە لە پسپۆری دادگاکەدا نییە".
محەممەد جەلیل، گوتیشی: "کۆڵنادەین و لە هەوڵەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، رێکاری دیکەی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی سکاڵاکە لە دادگەی پسپۆر تۆمار بکەین".
زیاتر لە 7,500 مامۆستا و فەرمانبەرى بەشى خوێندنى کوردى لە کەرکووک هەن، کە مووچەیان لەلایەن وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەدرێت.
لە مادەى 21ى کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى دا هاتووە: "سەرجەم قوتابخانەکانى خوێندنى کوردى لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان ببەسترێنەوە بە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی خوێندنى کوردى لە وەزارەتى پەروەردەی فیدراڵ و سەرجەم کارمەند و مامۆستاکانیان بگوێزرێنەوە سەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە."
یەکێک لە تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، لەسەر وردبینى لیستى مووچەى مانگى تەممووزى هەرێمى کوردستان ئەوە بووە کە ژمارەیەک فەرمانبەریان هەیە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دیکە و وەکو "لادان" هەژمارى کردووە.