تەرمی فەرماندەیێکی باڵای هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران لە نەجەفەوە بەرەو ئێران بەڕێکرا

رووداو - نەجەف

تەرمی فەرماندەیەکی سەربازیی ئێران، بە ئەمبیوڵانسێکی عێراقی لەدوای بەغدا گەیێنرایە کەربەلا و نەجەف. لەگەڵ بەڕێکردنی تەرمەکەشی سەتان کەس درووشمەکانی پشتگیری لە مقاوەمە و دژایەتیکردنی ئەمریکایان بە دەنگی بەرز گوتەوە. 
 
لە مەزاری ئیمام عەلی، نوێژی مردووی لەسەر کرا و بۆ زیارەتکردنی گڵکۆی ئیمام بردرا. ئامادەبووان بە جلی سەربازی و مەدەنییەوە هەڕەشەی تۆڵەکردن دەکەن.  
 
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دەکرێت ئەو شەڕە زیاتر فراوان بێت؟" سەید رائد حەیدەری، ئەمیندای گشتیی درعی ویلایە بە رووداوی گوت "ئەگەر فراوان بوو، ئێمە ئامادەین. هەرچەند فراوان بێت، ئامادەیی تەواومان هەیە بە ویستی خوا. بێگومان لە کۆتاییدا سەردەکەوین، هەروەک سەیدی شەهیدی فەرماندە سەید حەسەن نەسروڵڵا گوتی، بە ویستی خوا سەردەکەوین و سەرکەوتن هەستی پێدەکرێت. ئیسرائیل بە ویستی خوا و توانای قارەمانان نامێنێت، بە بوونی پایەدار سەید خامنەیی و بە لێهاتوویی و پاڵپشتیی مەرجەعیەت و پاڵەوانانی مقاوەمە." 
 
کازم شاکر حەسناوی، سەرۆک هۆزی حەسناوی لەکاتی بەڕێکردنی تەرمەکە بە رووداوی گوت "ئێمە ئێستا لەژێر فەرمانی سەیدین. سەید سیستانی ئێمە لەئامادەییداین، ئەگەر بڵێ بڕۆن، دەچین و هیچ کێشەیەکمان نییە."
 
تەنها عێراقییەکان ئامادەی رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەباس نیلفرۆشان، فەرماندەی هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران لە لوبنان و سووریا نەبوون، بەڵکو ئێرانییەکان بەگریانەوە دوایین ماڵئاوایی لە فەرماندەی وڵاتەکەیان دەکەن.
 
حاجی عەبدوڵڵا تەیبی، هاووڵاتی ئێرانی لە رێوڕەسمەکە بە گریانەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "تاوەکو کۆتا هەناسەکان دەجەنگین؛ هیوادارم ئیسرائیل لەنێوبچێت، لەنێوبچێت و لەنێوبچێت؛ ریشەی ئیسرائیل نەمێنێ و، ئەم ستەمە کۆتاییبێت."
 
دوای زیارەتی مەزاری ئیمام حوسێن و ئیمام عەباس لە کەربەلا، هەروەها ئیمام عەلی لە نەجەف، تەرمەکەی گەڕێندرایەوە ئێران.
 
نیلفرۆشان، لە 27ـی ئەیلوولی ئەمساڵ لە باشووری لوبنان لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا و چەند بەرپرسێکی باڵای مقاوەمەی ئیسلامی کوژا. 
 
لە گڵکۆی ئیمام عەلی، دوایین ماڵئاوایی لە تەرمی فەرماندەی هێزەکانی قودسی سوپای پاسدارن لە لوبنان و سووریا کرا. فەرماندەیەک کە تەنیا 6 مانگ بوو ئەو پۆستەی وەرگرتبوو و ئەویش هاوشێوەی فەرماندەی پێشوو، لە بۆردوومانی ئیسرائیل لە لوبنان کوژرا.