دوو سکاڵا بۆ "بڕیاردان" لەبارەى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک دوادەخرێن و تاوتوێى سکاڵایەکى پارتى دەکرێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى کارگێڕيى عێراق دوو سکاڵاى عەرەب و تورکمانى کەرکووک بۆ بڕیاردان دوادەخات، کە لە دژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکە تۆمار کراون، سکاڵایەکى هاوشێوەى فراکسیۆنى پارتیش تاوتوێ دەکات. دوو ئەندامى عەرەب و تورکمانیش دوو سکاڵا لە دادگەى فیدراڵى لە دژى سەرۆککۆمار تۆمار دەکەن بۆ کشاندنەوە مەرسومى دەستبەکاربوونى پارێزگارى کەرکووک.
 
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "14ى تشرینى یەکەم دانیشتنێکى دادەگەى کارگێڕیى هەبوو لە بارەى دوو سکاڵاى جیاوازى دوو ئەندامى ئەنجوومەن لە دژى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا، دادگە  بڕیاری دا دوو سکاڵاکە بۆ 22ى تشرینى یەکەم دوابخات بۆ بڕیاردان."
 
ئەو دوو سکاڵایە لەلایەن راکان جبوورى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى  کەرکووک لە فراکسیۆنى هاوپەیمانى عەرەبی و سەوسەن عەبدولواحید، لە فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى پێشکێشکراون.
 
بەگوێرەى دەقى سکاڵاکەى راکان جبوورى کە دەست رووداو کەوتووە، ئەو کە "سەرۆکى بە تەمەنى ئەنجوومەنەکە بووە، دەبووایە داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بکات بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی. فراکسیۆنەکەیان و هاوپەیمانى عەرەبی و پارتى دیموکراتی کوردستان بە فەرمى لە شوێن و کاتى کۆبوونەوەکەی 10ی ئاب ئاگادار نەکراونەتەوە." بۆیە ئەو کۆبوونەوەیەى بە "پوچەڵ" ناو بردووە، ئەوە جگە لەوەى کۆبوونەوەکە لەسەر داواى عەلى حەمادى بووە کە ئەندامى ئەنجوومەن نییە و یاریدەدەرى کارگێڕیی و هونەرى پارێزگار بووە. 
 
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب. ئەو هەنگاوە ناڕەزایی بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانیی عەرەبی و فراکسیۆنى پارتى لێکەوتەوە، کە لەو کاتەوە بایکۆتى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنیان کردووە.
 
لە سکاڵاکەى سەوسەن عەبدولواحید بۆ دادگەى کارگێڕى ئاماژە بەوە دراوە کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پارێزگا لە بەغدا لە رۆژى پشوودا بووە و بانگهێشتى کۆبوونەوەکەش لەلایەن سەرۆکى تەمەنەوە نەکراوە و ئەندامانى تورکمان بە مەبەست پەراوێزخراون وەک نوێنەرى یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانى شارەکە. داواش دەکات کە کۆنووسى هەڵبژاردنى محەممەد ئیبراهیم حافز وەک سەرۆکى ئەنجوومەن و رێبوار تەها وەک پارێزگار و ئیبراهیم عەلى وەک جێگرى هەڵبوەشێندرێتەوە بەوپێیەى لە کۆبوونەوەیەکدا کراوە، کە بە گوێرەى سکاڵاکە "پوچەڵ" بووە لە رووى یاساییەوە. 
 
بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک رایگەیاند، رۆژى چوارشەممە، 16ى تشرینى یەکەم دادگەى کارگێڕى ساڵایەکى دیکەى هاوشێوە تاوتوێ دەکات کە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان پێشکێش بەو دادگەیەى کردووە و چاوەڕوان دەکرێت ئەو سکاڵایەش بۆ 22ى تشرینى یەکەم دوابخرێت بۆ ئەوەى پێکەوە بڕیاریان لەسەر بدات.
 
سکاڵاکەى فراکسیۆنى پارتى لەلایەن حەسەن مەجید و شۆخان حوسێن ئەندامانى ئەو فراکسیۆنە لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک تۆمارکراوە و داوا دەکەن ئەنجامەکانى ئەو کۆبوونەوەیەى ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
لە پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک عەرەب 19 پۆست و تورکمان 18 پۆستیان بەردەکەوێت، 14 ى تشرینى یەکەم یاوس حەمید، کە تورکمانێکی سوننەی کەرکووکە، لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە جێگری پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرا.
 
بڕیارە 6ى تشرینى دووەم دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق چوار سکاڵا لە دژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووکەوە تاوتوێ بکات. 
 
یەکێکیان لەلایەن حەسەن تۆران، سەرۆکى لیستى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، سەوسەن عەبدولواحید ئەندامى ئەو لیستە لە ئەنجوومەن پارێزگا تۆمارکراون، سکاڵاکەى دووەم لەلایەن راکان جبوورى تۆمار کراوە. 
 
سکاڵاکانى دیکە هەریەک لە راکان جبووری و سەوسەن عەبدولواحید لە دژى سەرۆککۆمارى عێراق بە جیا تۆماریان کردووە و تێیدا داوا لە دادگە دەکەن مەرسومى کۆمارى دەستبەکاربوونى رێبوار تەها وەک پارێزگار بکشێنێتەوە. 
 
رۆژی 13ـی ئابی 2024 لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق لە کۆشکى بەغدا مەرسوومى کۆماریی رادەستى رێبوار تەها کرد بۆ ئەوەى بە فەرمى وەک پارێزگارى نوێى کەرکووک دەستبەکار بێت. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نووسینگەیەکی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ناوى دووبارە و فەرمانبەرانى ناوچە کوردستانییەکان لە بەغدا تاوتوێکراوە

شاندەکەى هەرێمى کوردستان بە نووسراوى فەرمى وەڵامى تێبینییەکانی وەزارەتى داراییی فیدراڵیان بردووەتە بەغدا، بۆ ناوى دووبارە ناوى دایکى فەرمانبەرەکانیان بردووە. بۆ چارەسەرى کێشەى فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکانیش وردبینى لەوە دەکرێت کە لە هەردوولا مووچەیان نەبێت.