کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: هیچ بڕیارێک نییە لوبنانییەکان بەسەر پارێزگەکاندا دابەش بکرێن

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، ئەو پەنابەرانەی لوبنان کە لەلایەن ئەوانەوە تۆمارکراون ژمارەیان گەیشتووەتە هەشت هەزار کەس و هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەى بەسەر پارێزگاکاندا دابەشیان بکەن.
 
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ژمارەى ئەو لوبنانیانەى هاتوونەتە عێراقەوە و لەلایەن تیمەکانى ئەو وەزارەتەوە تۆمارکراون، نزیکەى 8 هەزار کەسن.
 
عەلى جیهانگیر گوتى "تیمەکانمان بەردەوامن لە تۆمارکردنى ناوى ئەو هاووڵاتییە لوبنانیانە و ئەگەر هەیە ژمارەیان زۆرتر بێت، بەوپێیەى تۆمارکردنیان بەردەوامە." 
 
یەکەم کاروانی پەنابەرانی لوبنان لە یەکى تشرینى یەکەمی 2024، لە خاکى سووریاوە گەیشتنە دەروازەى قائیم لە خۆرئاواى پارێزگاى ئەنبار، کە بەهۆى جەنگ لەنێوان حیزبوڵڵاى لوبنان و سوپاى ئیسرائیل دەربەدەر بوون. 
 
حکومەتى فیدراڵى بە فەرمى بڕیاری دا ئەو ئاوارانەى لوبنان بە "میوان" ناوببرێن نەوەک پەنابەر و ئاوارە. هەروەها 8ـی تشرينى یەکەم ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاری دا سێ ملیار دینار بۆ وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران تەرخان بکات بۆ هاوکاریکردنى لوبنانییەکان. 
 
زۆربەی پەنابەرانی لوبنانی لە کۆمەڵگەکانى سەر بە حوسێنییەى کەربەلا و نەجەفن، هەندێکى دیکەیان بە پارێزگەکانى دیکەى عێراقدا بڵاوبوونەتەوە.
 
عەلى جیهانگیر گوتی "هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەى لوبنانییەکان بەسەر شارەکانى عێراقدا دابەش بکرێن و چوونیان بۆ پارێزگاکان بە ویستى خۆیانە."