رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە بانکى ناوەندى و بانکە حکومییەکان کرد لە ماوەى هەفتەیەکدا پێشنیازى ئاسانکاریى مامەڵە بانکییەکان ئامادە بکەن بە مەبەستی چاکسازیی دارایی.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینى یەکەمى 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ پارێزگارى بانکى ناوەندى و بەڕێوەبەرانى بانکە حکومییەکان بۆ تاوتوێکردنى چاکسازیی دارایی و کارگێڕى لە کەرتى دارایی و بانکى کۆبوونەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانى، داواى لێکردوون لە ماوەى هەفتەیەکدا لیستێک پێشنیازى پێبدەن لەپێناو ئاسانکاریی رێوشوێنەکان بۆ مامەڵە بانکییەکان، ئەوە جگە لە خستنەڕووى ئەو بەربەستانەى کە لەبەردەم پلانى چاکسازیی بانکى دا هەن.
سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، "چاکسازیی دارایی تەنیا درووشم نییە، بەڵکو زنجیرەیەک رێوشوێنە کە حکومەت بەبێ دوو دڵى دەیەوێت جێبەجێیان بکات."
ئەو رێوشوێنانەی سوودانى لەکاتێکدایە، کە بەهاى دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار گەیشتووەتە 1600 دینار، لەکاتێکدا نرخى فەرمى 1310 دینارە، یەکێک لە هۆکارەکانى جیاوازى ئەو نرخە، ئەو رێوشوێنانەن کە پەیوەندیدارن بە فرۆشتنى دۆلار لە بانکەکان و مامەڵەى ئەلیکترۆنییەکانى دراو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ