رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی دەڵێت، هیچ بڕیارێک نییە کە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو لەماوەی 10 رۆژدا حکومەت پێکبهێنێت، لە چوارچێوەی ئەو وادە یاساییەی دانراوە هەوڵدەدرێت بە بەشداریی هەموو هێزە نیشتمانییەکان حکومەت پێکبهێندرێت.
هیشام رووکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، هەوڵەکان لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی بە زووترین کات و لە چوارچێوەی بەرنامەیەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرسەکان پێکبهێندرێت.
رووکابی گوتی: "بڕیار بۆ کاتێکی دیاریکراو نییە کە لەماوەی 10 رۆژ حکومەت پێکبهێندرێت و دەستوور 30 رۆژی داناوە، محەممەد شیاع سوودانیش لە چوارچێوەی ئەو وادە یاساییە ئامادەکاری دەکات و لە چەند رۆژی داهاتوویشدا پێشکەوتنی بەرچاو دەبن."
رۆژی پێنجشەممە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لە پەرلەمان بە دوو گەڕ بەڕێوەچوو؛ کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان بەرهەم ساڵح و لـەتیف رەشید بوو. لە گەڕی یەکەمدا 282 پەرلەمانتار بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد و لەتیف رەشید 157 دەنگی بەدەستهێنا و بەرهەم ساڵح 99 دەنگی بەدەستهێنا.
لە گەڕی دووەمدا لەتیف رەشید توانیی 162 دەنگ بەدەستبهێنێت و بەسەر بەرهەم ساڵحدا سەرکەوت کە 99 دەنگی بەدەستهێنا. هاوکات هەشت دەنگی پووچەڵیش هەبوو. لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا 269 پەرلەمانتار بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد. بەراورد بە گەڕی یەکەم دەنگەکانی لەتیف رەشید زیادیکرد و دەنگەکانی بەرهەم ساڵح وەکو خۆی مایەوە.
دواتر لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی عێراق، محەممەد شیاع سوودانیی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راسپارد.
بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی دەشڵێت: "هیچ مەترسییەک نییە کە سوودانی نەتوانێت لەماوەی دیاریکراو حکومەت پێکبهێنێت، ئەو کەسێکی بە ئەزموونە و پێشتر لە حکومەت ئەرکی بەڕێوەبردنی وەزارەتەکانی هەبووە، بۆیە دڵنیام لە ماوەیەکی کەمدا دەتوانێت حکومەتەکەی دروست بکات، بە بەشداریی هێزە نیشتمانییەکان".
لەبارەی بەشداریی سەدر لە حکومەتی داهاتوو و پێدانی پۆستی وەزاری بەو رەوتە، هیشام رووکابی گوتی: "هەموو ئەو حکومەتانەی پێکهاتوون هەر لایەنێک بەپێی قەبارەی خۆی پشکی بردووە، لەبارەی رەوتی سەدریش چوارچێوە و بەڕێز سوودانیش ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ گفتوگۆ، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئەم ساتەش ئامادەنین بۆ دانوستاندن."
باسی لەوەش کرد، "پێموایە برایانمان لە رەوتی سەدر تێڕوانینی خۆیان هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بە دڵنیاییەوە لە قۆناخێک لە قۆناخەکان هەڵوێستیان دەبێت، ئەگەر حکومەتێکی بەهێز و باش بێت، دڵنیام پاڵپشتیی سەدریش بدەست دەهێنێت".
لەبارەی زیادکردنی پۆستە وەزارییەکانی کورد لە حکومەتی داهاتوو، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی ئاماژەی بەوە دا، ئەو پرسە لە چوارچێوەی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت قسەی لەسەر دەکرێت و لەوێ یەکلایی دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ