چیرۆکی زیندانی بادۆش؛ 'داعش دەرگای بۆ ژنەکان کردەوە و پیاوە شیعەکانى کوشت'

دوێنێ کاژێر 09:16
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێگەیان بە ژنە بەندکراوەکان دا دەرباز بن و پیاوەکانیان گلدایەوە و لەسەر بنەماى ئایینى جیایان کردنەوە، تاوەکو نزیکەى هەزار شیعەیان لە شەش پێگەى جیاواز بە گولـلە کوشت یان سەریان بڕین؛ ئەوە چیرۆکى هێرشی رێکخراوى داعش و ئەنساروئیسلام بوو بۆ سەر گرتووخانەى بادۆش لە موسڵ بەر لە 10 ساڵ. تیمى یونیتادى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئەمەی بڵاوکردەوە.
 
تيمى لێکۆڵینەوەى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ لێپێچینەوە لە بارەى تاوانەکانى داعش (یونیتاد)، راپۆتێکى 47 لاپەڕەیى لە بارەى ئەو هێرشەى داعش بۆ سەر گرتووخانەکە بڵاوکردەوە.
 
 هێرشەکە بەیانى 10ى حوزەیرانى 2014 لەلایەن داعشەوە کرایە سەر گرتووخانەکە، ئەو کاتە زیاتر لە سێ هەزار بەندکراوى تێدابوو، هێرشەکە دواى چەند کاژێرێک بوو لە کۆنتڕۆڵکردنى بەشى راستى شارەکە کە تاوەکو سێ ساڵ بەدەستیانەوە بووە.
 
 لە راپۆرتەکەى یونیتاد هاتووە، کە پاسەوانانى گرتووخانەکە بەر لە هێرشەکە ئاگاداکراونەتەوە، کە ئەگەر هەیە ئەو رێکخراوە ھێرش بکاتە سەر گرتووخانەکە، بە هۆیەوە پشێوى ئەمنى روویداوە، کە وایکردووە دەستگرتن بەسەر گرتووخانەکە ئاسان بێت.
 
لەدواى دەستگرتن بەسەر گرتووخانەکە، چەکدارانى داعش بەندکراوانیان لەسەر بنەماى ئایینى جیا کردووەتەوە، هەمان رۆژ دەیان بەندکراوى شیعە لە چەند شوێنێک کوژراون.
 
یونیتاد ئاماژەى بەوەشداوە، لەسەر داواى رێکخراوى داعش، ئەندامانى ئەنسارولئیسلام بەشداربوون لەو هێرشە، لە شارۆچکەى بادۆش کۆبوونەوە کراوە بۆ پلاندانان بۆ هێرش بۆ سەر گرتووخانەکە و ئەو گرووپە پڕچەک کراون.
 
داعش پشتى بەو کەسانەش بەستووە کە پێشتر لەو گرتووخانەیە بەندکراو بوون، زانیارییان لێ وەرگرتوون لە بارەى وردەکاریى گرتووخانەکەوە، ئەوە جگە لەوەى ژمارەیەک لە بەندکراوان و پاسەوانانى گرتووخانەى بادۆش راستەوخۆ بەشدار بوون لە هێرشەکە و ئەو مامەڵانەى دواتر لەگەڵ بەندکراوە شیعەکانى گرتووخانەکە کراون.
 
گرتووخانەى بادۆش دەکەوێتە نزیک شارۆچکەى بادۆشى رۆژئاواى شارى موسڵ، دووەم گەورەترین گرتووخانەیە لە عێراق لەدواى گرتووخانەى ئەبو غرێب لە بەغدا.
 
شەوى 9 لەسەر 10ى حوزیران 50 بۆ 100 چەکدارى داعش لە ناوچەکانى دەوروبەرى گرتووخانەکە نزیک بوونەتەوە لە بازگەى بابولشام و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان روویداوە، تاوەکو ئەوەى شەڕەکە لە گرتووخانەکە نزیک بووەتەوە، پاسەوان و کارمەندانی گرتووخانەکە شوێنەکانیان بەجێهێشتووە، سەرەڕاى ئەوەى فەرمانیان پێ کراوە لە شوێنى خۆیان بمێننەوە.
 
 ژمارەیەک لە بەندکراوان توانیویانە لە دەرگاى پشتەوەى گرتووخانەى بادۆش هەڵبێن، بەر لەوەى چەکدارانى داعش و ئەنساروئیسلام بگەنە گرتووخانەکە، 60 بەندکراویان لەسەر رێگەیەکى خێرا لەلایەن داعشەوە دەستگیرکراون، دواى 10 رۆژ هەموو هەڵاتووەکان کەوتنە دەست داعش.
 
 کاتێک داعش دەستى بەسەر گرتووخانەکەدا گرتووە، قوفڵى دەرگاى زۆرینەى هۆڵە سەرەکییەکانى شکاندووە و بە هۆڵى ئەو ژنە بەندکراوانەشەوە کە لە گرتووخانەى بادۆش بوون، بەبێ ئەوەی پرسیارى ئەوەیان لێ بکرێت، کە سەر بە کام مەزهەب و ئایینن، بەڵام  پیاوە بەندکراوە شیعەکان کراونەتە ئامانج و تەقەیان لێکرا، دوو هۆڵى بەندکراوان کە سەرجەمیان شیعە بوون، بە داخراوى هێڵدرایەوە.
 
لە راپۆرتەکەى یونیتاددا هاتووە، "هەندێک لە بەندکراوان کوشتنى بەندکراوە شیعەکانیان بەچاوى خۆیان بینیوە، یان بە چەقۆ و گولـلە کوژراون، یان لە ناو گرتووخانەکە سەربڕدراون".
 
هەندێک لە بەندکراوە شیعەکان بەرەو شوێنێکى دیکە براون بۆ ئەوەى بیانکوژن، کە بەتێکڕا ئەوانەى لە 10ى حوزەیران و لە شەش شوێنى جیاواز کوژراون، بە هەزار بەندکراوى شیعە مەزەندە دەکرێن، رووفاتى 632یان دەرهێندراونەتەوە.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بەندکراوى کورد هەبووە لەو هێرشەدا لە گرتووخانەى بادۆش شەهید بووە، بەندکراوى دیکەى کوردیش هەبووە کە توانیوێتى خۆى قوتار بکات".
 
گرتووخانەى بادۆش، شوێنى بەندکردنى ئەو کەسانە بووە، کە سزاى سوک و قورسیان لەسەر بووە، یەکەیەکى چاکسازیشی تێدابووە بۆ بەندکراوان.
 
بەگوێرەى راپۆرتەکە، ئەرکى پاراستنى گرتووخانەکە لە ئەستۆى سێ هێز بووە، پاسەوانى گرتووخانە، پۆلیس و سوپا، نزیکەى هەزار کارمەندى هەبووە کە لە پێکھاتەکانى شیعە، سوننە، کورد، کریستیان و کوردى ئێزدى بوون.
 
زۆربەى بەندکراوان لە بادۆش تەلەفۆنیان پێنەبووە، یان نەیانتوانیوە پێى بگەن، کە رێگەیان پێ بدات پەیوەندى بە کەسوکاریان یان کەسانى دیکەى دەرەوەى گرتووخانەکە بکەن.
 
نزیکەى سێ هەزار کەس لە گرتووخانەکە بوون کاتێک داعش هێرشی کردووەتە سەر، 1100 بۆ 1500یان سزاى سوکیان هەبووە، 1500یان سزاى قورسیان لەسەر بووە، 100 بۆ 350 نەوجەوانیش لە گرتووخانەکە بەندکرا بوون، نیوەى بەندکراوەکان شیعە بوون، هەندێکیان ئەندامى سوپاى مەهدى سەر بە موقتەدا سەدر بوون.
 
بەهۆى ئەو زیانەى لە شەڕى داعش بەر گرتووخانەکە کەوتووە، ئێستا دووەم گەورەترین گرتووخانەکەى عێراق بەندکراوى تێدا نییە؛ محەممەد کاکەیی گوتى، "داوامان لە وەزارەتى دادى فیدڕاڵ کردووە نۆژەنى بکاتەوە و بیخاتەوە کار".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پەرلەمانی عێراق

پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى زەوى و زارى کەرکووک 'ناوەڕاست و باشوور'ی بۆ زیاد دەکرێت

گۆڕانکارى لە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە دەکرێت کە بە چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشووى عێراق داگیر کراون، کە زۆرینەیان زەویى کورد و تورکمان بوون لە کەرکووک