حەلبووسی دژایەتیی خۆی بۆ پێدانی چەکی قورس بە پێشمەرگە راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد حەلبووسی، وەک یەکەم سەرکردەی عەرەبی سوننە، دژایەتی خۆی بۆ پێدانی چەکی تۆپی قورس بە هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و رایگەیاند. ئەوە "مەترسییە" بۆ سەر نەینەوا و کەرکووک. هەروەها پێیوایە لە ناکۆکی نەتەوەیی و حیزبی بەکاردەهێنرێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، کاروانێکی دیکەی ئەو کۆمەک و هاوکاریانەی هاوپەیمانان کە خۆی لە ژمارەیەک تۆپی هاویتزەر دەبینیەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و پاشان لە رێوڕەسمێکدا رادەستی هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی (1 و 2)ی وەزارەتی پێشمەرگە کران.
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتیی تەقەدووم، شەوی رابردوو لە هەژمارەی ئێکسدا نووسی: "بە هەموو شێوەیەک پڕچەککردنی هێزە خۆجییەکان (بە تۆپی قورسی پێشکەوتوو) رەتدەکەینەوە، ئەرکی دەستوورییان تەنیا پاراستنی ئاسایشیی ناوخۆیی سنووری بەرپرسیارێتییانە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رادەستکردنی ئەو تۆپانە بە هێزەکانی پێشمەرگە، بە رەزامەندی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
 
حەلبووسی  دەڵێت: "ئەم رێکارە رەتکراوەیە، دەبێتە هۆکارێک بۆ لێدان لە ئاسایشی نیشتمانی کۆمەڵگە بەگشتیی و پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک بەتایبەتی". هەروەک ترسی خۆشی لەوە نەشاردەوە،"کە ئەو چەکانە (خوانەخواستە) لە داهاتوودا لە ناکۆکی نەتەوەیی، یاخود حزبیی بەکاربهێنرێت". 
 
سەرۆکی دوورخراوەی پەرلەمانی عێراق جەختلەوەدەکاتەوە،"دەبێت ئەو جۆرە چەکە، تەنیا لەدەست سوپای عێراقی بێت، بەردەوام داوادەکەین کە توانا و لێهاتووییان بەهێز بکرێت".
 
رۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا ئەمەی بە رۆژێکی مێژوویی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە ناوبرد. هەروەک سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق و سوپاسالاری عێراقی کرد، کە هەوڵ و ئاسانکاریی کردووە تاوەکو ئەم چەکانە بگاتە پێشمەرگە.