کوردێک دەکرێتە ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عێراق

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کوردێک کە لەلایەن وەزیری بەرگریی عێراقەوە بەربژێر کراوە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رەزامەندی لەسەر داوە، دەکرێتە ئەمینداری گشتیی وەزارەتەکە، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "پۆستەکەی وەکو پشکی کورد وەرگرتووە."
 
ژمارەیەک گۆڕانکاریی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەکرێن، کوردێک بەناوی شوان موزهر عەلی، کە پلەی فەریقی هەیە لە شوێنی جەبار سجیل حەیدەری، بە ئەمینداری گشتی وەزارەتەکە دیاریکرا.
 
فەریق شوان موزهر، کوڕی دکتۆر موزهر عەلی ئەمین رواندوزییە،  کە یەکێک بوو لە پزیشکە بەناوبانگەکانی عێراق، پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانکاری و خاوەنی پێشووی نەخۆشخانەی جادریە بووە و لە نەخۆشخانە سەربازی و مەدەنییەکانی عێراق کاری کردووە.
 
فەریق شوان موزهر، بەشێکی تەمەنی لە بەغدا ژیاوە، لەساڵی 1988 بەکالۆریۆسی ئەندازیاریی فڕۆکەوانی لە ئەکادیمیای برنۆی سەربازی لە چیک بەدەستهێناوە. جگە لەوەش بەکالۆریۆسی لە بەشی ئینگلیزیی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا لە ساڵی 2000 وەرگرتووە. زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و چیکی دەزانێت.
 
فەریق شوان پێش وەرگرتنی ئەو پۆستە، جێگری ئەمینداری گشتی بووە، لە ساڵی 2002 بووەتە عەقیدی ئەندازیار، لە ساڵی 2006 بووەتە عەمید و لە ساڵی 2011 پلەی لیوای وەرگرتووە، لە ساڵی 2019ش بووەتە فەریق، ژمارەیەک پۆستی لە وەزارەتی بەرگری هەبووە، لەوانە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی فەرماندەی هێزی ئاسمانی.
 
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "فەریق شوان لەسەر پشکی کورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بە دڵنیاییەوە لەلایەن سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتگیری لێکراوە، جگە لەوەی خۆی کەسێکی چالاکە، ئەزموونی زۆری هەیە."
 
سەبارەت بە پشکی کورد لە نێو وەزارەتی بەرگری، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "رێژەیەکی زۆر کەمە و ناگاتە 1٪."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە