سوودانی: تەواوکاری لە پەرەپێدانی پیشەسازی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکاندا هەبێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر تەواوکاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کرد بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی و دەڵێت، بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت، بازاڕی گەورە دەکەنەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی هاوئاهەنگیی پیشەسازی کرد، ئەمەش لەدوای پێکهێنانەوەی. نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ سوودانی رایگەیاندووە 'ئەنجوومەنەکە بەرپرسە لە چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشانەی دێنە بەردەم پیشەسازیی عێراقەوە.'
 
سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لە "گرنگیی تەواوکاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگەکانی دیکە لە پەرەپێدانی پیشەسازیدا" و ئاماژەی بەوەداوە، "بازاڕە گەورەکان، کە وەزارەتی بازرگانی بە هاوبەشی کەرتی تایبەت دەیانکاتەوە، شوێنێک دەبن بۆ خستنەڕووی بەرهەمی پیشەسازیی نێوخۆ."
 
بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کابینەکەی لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە ئەو کێشانەی دەستنیشانکردووە کە پەیوەندییان بە پیشەسازیی عێراقەوە هەیە و لەگەڵ کۆمپانیای گەورە کاری کردووە بۆ کاراکردنی پیشەسازیی نێوخۆ و هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی گەورەی پیشەسازی وەکو ژاپۆن، ئەڵمانیا، فەرەنسا.