کۆمیسیۆنی عێراق وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی بۆ ماوەی پێنج رۆژ درێژکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ ماوەی پێنج رۆژ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران (بایۆمەتری) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، درێژکرایەوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 15-08-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیار بوو نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران رۆژی 12ـی ئەم مانگە کۆتایی بێت، بەڵام بەهۆی زۆریی داواکاری و سەردانکەران، بڕیاری درێژکردنەوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان داوە. 
 
بە گوتەی عیماد جەمیل، لە رۆژی چوارشەممە 16ـی ئاب تاوەکو 20ـی ئاب، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژکراوەتەوە و دەڵێت، بنکەکان لە 8:00ـی بەیانی بۆ 8:00ـی ئێوارە کراوەن و کاری هاووڵاتییان رادەپەڕێنن.
 
لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023 و بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەمڕۆیدا بڕیاری درێژکردنەوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی داوە. 
 
50 هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن. عیماد جەمیل بە رووداوی گوت، "لە 296 حیزبی تۆمارکراو، 198ـیان بە 50 هاوپەیمانییەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، واتا ژمارەی هاوپەیمانییەکان گەیشتووەتە 50 هاوپەیمانی."