عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی وەزیرێک و سێ بەرپرسی کابینەکەی مستەفا کازمی بۆ ئینتەرپۆڵ دەنێرێت

15-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی وەزیری دارایی کابینەی مستەفا کازمی، بەڕێوەبەری نووسینگەکەی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، سکرتێری تایبەتی و راوێژکارێکی سیاسیی ئاراستەی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی - ئینتەرپۆڵ کردووە و پەرلەمانتارێکی لیژنەی دەستپاکیش دەڵێت، "بابەتەکە بەهۆی دزیی سەدەوەیە و ئەوانەش بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەو پرسەدا تێوەگلاون."
 
بەپێی چوار نووسراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کە 13-8-2023 لە لایەن بەشی گێڕانەوەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە ئەنجوومەنەکەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی- ئینتەرپۆڵ کراوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی لە کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی؛ عەبدولئەمیر رائید جوحی، بەڕێوەبەری ئەو کاتی نووسینگەی مستەفا کازمی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری لەکۆتاییەکانی حکومەتەکەی؛ ئەحمەد محمەممەد نەجاتی، سکرتێری تایبەتی ئەو کاتی مستەفا کازمی؛ موشریق عەباس جەنابی، راوێژکاری سیاسیی تایبەتی ئەو کاتی کازمی دەکراوە.
 
بەگوێرەی نووسراوەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، جگە لە عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی کابینەی مستەفا کازمی کە بەپێی بڕگەی 11ـی مادەی 444ـی یاسای سزادانی عێراق داواکراوە، سێ تۆمەتبارەکەی دیکە بەپێی مادەی 316ـی یاسای سزادانی عێراقی داواکراون.
 
مادەی 3016ـی یاسای سزادانی عێراق تایبەتە بە سزای ئەو فەرمانبەر یان کەسەی بە ئەرکی خزمەتێکی گشتی دەسپێردرێت و دزی دەکات یان شتی تایبەتی دەوڵەت یان دامەزراوەیەک دەبات کە مافی ئەو نییە و سزاکەی زیندانیکردنە بۆ ماوەیەک لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت.
 
هەرچی بڕگەی 11ـی مادەی 444ـی یاسای سزادانی عێراقییە باسی سزادانی ئەو کەسانە دەکات کە دزی لە دەوڵەت و فەرمانگەکانی دەکەن و سزاکەی لە حەوت ساڵ بەندکردن کەمتر نابێت.
 
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ئەو فەرمانانەی دەستگیرکردنەوە، رۆژی سێشەممە، 15-8-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەرمانەکانی دەستگیرکردن بەهۆی تێوەگلانی ئەو بەرپرسانەیە لە تۆمەتی گەندەڵی و دزیی سەدە کە زیاتر لە 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بوو ."
 
هادی سەلامی گوتیشی، "ئەو دۆسییە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە و دەبێت دۆسییەکانی دیکەی گەندەڵیش لێکۆڵینەوەیان تێدا بکرێت. زۆر دۆسییە هەن پارەی زیاتریان لە رێگەوە دزراوە، بەڵام ئاشکرا نەکراوە."
 
رۆژی 6-8-2023، محەممەد حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا لەبارەی دۆسیەی "دزیی سەدە" و گێڕانەوەی پارەی عێراق رایگەیاند، لیستێکی بڵاوکراوەی سووریان بۆ چوار بەرپرسی حکومەتەکەی مستەفا کازمی دەرکردووە کە ئەمانەن:
 
- وەزیری دارایی لە حکومەتی پێشوو کە وەڵاتینامەی بەریتانیای هەیە
- بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری لە حکومەتی مستەفا کازمی کە وڵاتینامەی ئەمریکای هەیە
- سکرتێری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی پێشوو کە وڵاتینامەی ئەمریکای هەیە
-بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی مستەفا کازمی
 
مستەفا کازمى لەنێوان 2020 بۆ 2022 پۆستى سەرۆکوەزیرانى عێراقی گرتە دەست، بەرلەوەى ئەو پۆستە وەربگرێت، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریى وڵاتەکە بوو.
 
"دزیی سەدە" بریتى بوو لە دزینی 2.5 ملیار دۆلاری پارەى هەژمارى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى باجى عێراق لە بانکى رافیدەین لەلایەن پێنج کۆمپانیاوە.
 
تێکڕاى پارە دزراوەکەى بانکى رافیدەین زیاتر لە 3.7 تریلیۆن دینار بووە کە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لەو بانکە براوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.