راوێژکاری سیاسیی عەلی باپیر: هادی عامری داوا دەکات پەرلەمان کۆببێتەوە و سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ تاوتوێی دۆخی عێراق و سەردانەکەی هادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح بۆ هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لەبارەی سەردانەکەی هادی عامری بۆ هەرێمی کوردستان و دەستپێشخەرییەکەی، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، "هادی عامری داوا دەکات پەرلەمان کۆببێتەوە و سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت."
لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، دەستپێشخەرییەکەی هادی عامری بۆ سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان باسکرا.
رۆژی دووشەممە 15-8-2022، مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێک لە کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە ئامانجی سەردانەکەی هادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
رۆژی یەکشەممە 14ـى ئابى 2022، هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و بەجیا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى؛ مەسروور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان؛ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و هادی عامری، بارەگای بارزانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی، دوایین پێشهاتەکانی عێراق، کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی عێراق ئاڵوگۆڕ کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە هاتووە، سەرۆک بارزانی و هادی عامری جەختیان لەوە کردەوە، "پێویستە لایەنەکان بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو بنێن و هەوڵەکانی خۆیان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی تەرخان بکەن."
شوان محەممەد، بەرپرسی لقی 5ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لە بوولتەنی کاژێر 12:00دا بەشداریکرد و گوتی: پارتی پێشوازی لە هەموو دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ چارەسەری گرفتەکان و لەگەڵ چارەسەرکردنی گرفتەکانە بە گفتوگۆ.
لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەی کراوە بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان، شوان محەممەد گوتی، "کۆدەنگی نیشتمانی ئەگەر رەوتی سەدر تێیدا بەشدار نەبێت سەرکەوتوو نابێت."
رۆژی شەممە 13-8-2022، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بڵاوکردەوە و گوتی، دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان رێککەوتن؛ هەروەها داوای کرد لایەنە سیاسییەکان بەڵێن بدەن کە "بە ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکە رازی دەبن."
لەبارەی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە، شوان محەممەد گوتی: راگەیێندراوەکە بە ئاشکرا باسی گرفتەکانی کرد. سەرۆک بارزانی لە سەرەتای دروستبوونی گرفتەکەوە باسی لەوە کردووە، "نابێت هیچ لایەنێک پشتگوێ بخرێت و دەبێت گفتوگۆی جیددی لە نێوان لایەنەکان دەستپێبکات."
شوان محەممەد بۆچوونی خۆی بۆ دۆخی عێراق خستەڕوو و گوتی: ئێستا چارەسەری یاسایی بۆ دۆخی عێراق بووەتە ئەستەم و چارەسەری سیاسیش بووەتە سەرکێشییەکی گەورە.
سەبارەت بە کشانەوەی رەوتی سەدریش لە پەرلەمان، شوان محەممەد گوتی: "ئەوەی رەوتی سەدر کردوویەتی لە کشانەوەی لە پەرلەمان یارییەکی سیاسی بوو، بەڵام دەکرێت وەک کورت بینییەکی سیاسی لەو کشانەوەیە بڕوانرێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران: گرنگی بە گۆڕانکارییەکانی عێراق دەدەین
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دۆخی عێراقەوە رایگەیاند، ئەو وڵاتە بە هەستیارییەوە چاودێریی دۆخی عێراق دەکات و داوا لە هەموو رەوتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە دەکات بە گفتوگۆ و هاوکاری، کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە هەموو رەوت و پارتە سیاسییەکانی عێراق کرد بەپێی دەستوور و بە پشتبەستن بە رێکارە یاساییەکان، کێشەکانی نێوخۆی ئەو وڵاتە چارەسەر بکەن.
ناسر کەنعانی گوتیشی، کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی بە گۆڕانکارییەکانی عێراق دەدات و پێیوایە، دەبێ هەموو لایەنەکان و رەوتە سیاسییەکان هەوڵبدەن لە رێگەی هاوکاری و هاوئاهانگییەوە گفتوگۆ بکەن و ئەم دۆخە تێپەڕێنن.
راوێژکاری سیاسیی عەلی باپیر: هادی عامری داوا دەکات پەرلەمان کۆببێتەوە و سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت
ئیبراهیم محەممەد، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە بوولتەنی کاژێر12:00دا بەشداریکرد و گوتی، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی کار بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات، ئەگەر هەڵبژاردنیش بەڕێوەبچێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی رازی نییە ئەم کابینەیەی کازمی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەببات."
لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراقەوە، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکی کۆمەڵ گوتی: "دۆخی ئێستای عێراق لە بەرژەوەندیی رەوتی سەدر-دایە و بۆ بەڕێوبردنی عێراق دەبێت لایەنە شیعەکان رێکبکەون."
لە دوای هەڵبژاردنی عێراقەوە چەندین دەستپێخشەری بۆ پێکهێنانی حکومەت و دواتریش بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێو ماڵی شیعە راگەیێندراون، بەڵام ئەنجامیان نەبووە.
ئیبراهیم محەممەد دەڵێت: دوو دەستپێشخەری بۆ دۆخی ئێستای عێراق هەیە یەکەمیان ئەوەیە کە موقتەدا سەدر داوایکردووە پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت، لایەنەکانی دیکەش لارییان لەو دەستپیشخەرییە نییە، بەڵام دەیانەوێت میکانیزم و شێوازی هەڵبژاردنەکە گۆڕانکاریی تێدابکرێت، لە بەرامبەدا هادی عامری داوا دەکات پەرلەمان کۆببێتەوە و سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت و حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت ئەو حکومەتە کارەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.
لەبارەی ئەوەی 'موقتەدا سەدر بەو دەستپێشخەرییەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رازی دەبێت؟' ئیبراهیم محەممەد دەڵێت: "موقتەدا سەدر بەو دەستپێشخەرییە رازی نەبووە ئەگەر رازی ببووایە هادی عامری سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی نەدەکرد."
گوتیشی: "ئێستا دەستپێشخەرییەکە بۆ ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە دەوری مێزێکی بازنەیی کۆببنەوە بۆ ئەوەی ئەو پێشنیازە گفتوگۆ بکەن، بەڵام ئاستەنگەکە لەوەدایە کە موقتەدا سەدر بەهیچ شێوەیەک رازی نابێت پەرلەمان کۆببێتەوە، لایەنەکانی بەرامبەریش سوورن لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان."
لەبارەی بۆچوونی کۆمەڵی دادگەری گوتی: "کۆمەڵی دادگەری پشتگیری هەموو دەستپێشخەری و گفتوگۆیەک دەکات چارەسەری دۆخی عێراق بکات."