لە دژی گۆڕانکارییەکانی نەینەوا 20 سکاڵا لە دادگەی کارگێڕی تۆماردەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕینی سەرۆکی یەکەکانی کارگێڕی، پارێزگاری نەینەوا داوای کۆبوونەوەی وەزیران و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە نوێنەرانی پارێزگاکە دەکات، سەرۆکەکانی ئەو یەکانەی بڕیاری گۆڕینیان بۆ دەرچووە لە دادگەی کارگێڕیی سکاڵا لە دژی دەستەی سەرۆکایەتی و بەتایبەت سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا تۆماردەکەن.
 
ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی لە کۆبوونەوەی رۆژی 2ـی تەممووز بە نایاسایی و بەبێ رێکارەکانی پێویست ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی یەکەکانی کارگێڕی دوورخرانەوە و خەڵکی دیکە خرانە شوێنیان، ئەو بەرپرسانەی دوورخراونەتەوە لە دادگەی کارگێڕی لە بەغدا سکاڵایان لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و دەستەی سەرۆکایەتی تۆمارکردووە و کۆبوونەوەکە بە نایاسایی دەزانن."
 
روونیشیکردەوە: "ئومێد هەیە دادگەکە ئەو هەڵەیە راستبکاتەوە، کە ئەنجوومەن دوور لە رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان و بەبێ بوونی کۆدەنگی لەو کۆبوونەوەیەدا کردی."
 
سەرۆکە دوورخراوەکان لە سکاڵانامەکەیاندا بە دادگەیان راگەیاندووە، ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردوویەتی، پێچەوانەی یاسایە.
 
غەزوان داوودی، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت :"ئێمە لەنێوان 19 بۆ 21 سکاڵامان لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و دەستەی سەرۆکایەتی لە دژی ئەو بڕیارەی رۆژی 2ـی تەممووز تۆمارکردووە، چاوەڕوانین دادگە لە بەرژەوەندیی ئێمە بڕیار بدات." 
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی تەممووزی 2024، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە وەزیران و پەرلەمانتارانی پارێزگای نەینەوا کرد، ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەک رێکبخەن، ئەو دەڵێت کۆبوونەوەکە: "بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و زاڵکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و وەلاوەنانی سەرجەم ناکۆکییە سیاسییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگریی پارێزگای نەینەوا و گەرەنتیکردنی بەردەوامیی رێڕەوی ئاوەدانکردنەوەیە."
 
رۆژی 2ى تەممووز ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاریى لە بەرپرسانى 17 یەکەى کارگێڕى کرد، بەشێکیان لادران و کەسانى دیکە خرانە جێگەیان، هەندێکى دیکەیان پۆستەکانیان چۆڵ بوو، پڕ کرانەوە.
 
دوای رۆژێک لەو کۆبوونەوەیە، دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە نووسراوێک وەڵامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای دایەوە و لە شێوەی سەرزەنشتکردندا ئەوەی روونکردنەوە پێشتر پێیانگوتراوە "پەلە نەکەن"، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد گۆڕینی بەرپرسانی یەکەکانی کارگێڕی بەپێی رێکاری یاسایی و دەستووری دەبێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت، بۆ دوو هاوپەیمانی سەرەکی دابەشدەبێت، هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو کە 13 کورسیی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تێدایە، لەگەڵ هاوپەیمانێتی نەینەوای داهاتوو کە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی تێدایە و 16 کورسییان هەیە.
 
دواتر لە نووسراوێکدا، کە بە ناوى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق ئاڕاستەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا کراوە، پێنج تێبینییان لە بارەى ئەو بڕیارانەوە پێدراوە کە بۆ گۆڕین و لادان و دانانى بەڕێوەبەرانى 17 یەکەى کارگێڕى دراون.