رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رەزامەندی دەربڕی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە بگرێتەوە دەرۆزەکەر(سواڵکەر)ن. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "بەشێک لەو سواڵکەرانە لەلایەن باندەکانی مافیاوە بەکاردەهێندرێن."
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رەزامەندی لەسەر نووسراوی داواکاریی پەرلەمانتار هەیفا جابری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەربڕی کە داوا دەکات مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی سواڵکەریش بگرێتەوە، دوای ئەوەی بەڵێننامەی نووسراویان پێ پڕدەکرێتەوە ئەو کارە نەکەنەوە.
نووسراوەکە رۆژی 13ـی ئەم مانگە لەلایەن وەزیرەوە واژۆکراوە و بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی کۆمەڵایەتی نێردراوە.
هەیفا جابری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نووسراوەکەوە بە رووداوی گوت: "لەوبارەوە لەگەڵ وەزیر گفتوگۆمان کردووە، چونکە سواڵکردن یەکێکە لەو دیاردانەی هەڕەشە لە کۆمەڵگە دەکات."
روونیشیکردەوە: "ئەو نووسراوە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە دەرۆزە دەکەن، چونکە دەمانەوێت ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت، عێراق وڵاتێکی شارستانیی نەوتییە، ئەو دیاردەیە ناشارستانییە، ژمارەی دەرۆزەکاران بەشێوەیەکی ناسرووشتی زیادیکردووە."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بەهۆی زۆربوونی ژمارەیانەوە نازاندرێت کامیان بەکردەیی پێویستیان بە هاوکارییە و کامیان لەلایەن باندەکانەوە دەقۆزرێنەوە؛ "ئومێد دەکەین ژیانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکرێت."
لە عێراق هیچ ئامارێکی فەرمیی سواڵکەران بەردەست نییە، بەڵام فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی گوت: "سواڵکردن یەکێکە لە مەترسیدارترین شێوازەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەپێی زانیاریی ئێمە لە عێراق 500 هەزار کەس دەبن، هەرچەندە پار و چەند مانگی ئەم ساڵ وەزارەتی ناوخۆ نزیکەی 10 هەزار سواڵکەری بیانیی رەوانەی وڵاتانی خۆیان کردووەتەوە."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە، ساڵی 2025 ساڵێکی بێ سواڵکەر بێت و جەختی کردووەتەوە دەبێت یاساکان هەموار بکرێنەوە و پەرلەمان بۆ سەپاندنی سزای قورس هاوکار بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ