ژمارەی کورد لە موسڵ کەمبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لەنێو یەکێک لە گەڕەکەکانی کورد لە شاری موسڵ، کە سەیری دیوارەکان دەکەی، زۆربەی خانووەکان لەسەریان نووسراوە خانووەکە بۆ فرۆشتنە.
 
لەنێو گەڕەکێکی موسڵ بەپێی ئاماری نافەرمی؛ پێش ساڵی 2014 و هاتنی داعش بۆ شارەکە، زیاتر لە 95٪ـی دانیشتووانی گەڕەکەکە کورد بوون، بەڵام ئێستا رێژەکە کەمتر لە 5٪ـە.
 
کوردانی شاری موسڵ بەشێکیان ماڵ و موڵکیان جێهێشتووە و بەشێکی دیکەشیان فرۆشتوویانە.
 
کەبیر عەبدولعەزیز، کوردی موسڵ دەڵێ "پێش ساڵی 2014 ناوچەکەمان هەمووی کورد بوون، لەوانەیە تەنیا سێ ماڵێکی عەرەب هەبووبن، بەڵام ئێستا لە هەمووی بگەڕێ، لەوانەیە دوو، سێ ماڵی کورد هەبن، هەموویان ماڵی خۆیان فرۆشتووە و روویان کردووەتە کوردستان."
 
قەیدار، کوردێکی دیکەی موسڵە و دەڵێ پێش 10 ساڵ، زۆربەی کڕیارەکانی کورد بوون، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی کەم کورد لە موسڵ ماون.
 
قەیدار سەباح، کوردی موسڵ بە رووداوی گوت "دوای هاتنی داعش ژمارەی کوردان کەمبووەوە، پێشتر ئێرە پێی دەگوترا بازاڕی کوردان، بەڵام ئێستا کورد زۆر کەم بوون و وەکو پێشوو نەماوە."
 
خاوەنی نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە موسڵ، باسی ئەو دیاردەیە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ کورد زیاتر روویان لە فرۆشتنی ماڵ و موڵکیانە لە موسڵ نەوەک کڕین، لەکاتێکدا ئێستا بەهای هەر خانوویەک دووهێندەی پێشووە.
 
فەوزی مەشعەل، خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە لە موسڵ بە رووداوی گوت "دوای ئەوەی موسڵ ئازادکرا، زۆربەی کوردان خانووی خۆیان فرۆشت، چونکە لەگەڵ هاتنی داعش هەموو ماڵی خۆیان جێهێشتبوو و چووبوونە کوردستان. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە بەهۆی گرانبوونی بەهای زەوی و خانوو، ناکڕدرێن."
 
پێش شەڕ و هێرشەکانی داعش، لە ساڵی 2014 ژمارەی کورد لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەپێی ئاماری نافەرمی 600 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی 280 هەزار کورد لەو سنوورە ماون.