ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دەکەوێتە مانگی داهاتوو
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق، تانەی لەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجە دا کە لە پەرلەمانی عێراق زیادکران وخرانە نێو یاساکە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت، سکاڵاکە نابێتە رێگر لەبەردەم ناردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
د. خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "ئەو بابەتە بردراوەتە دادگەی فیدراڵیی و تانە لەسەر مادەکان دراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمە بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر ناردنی بودجە و موچەی هەرێمی کوردستان ناکات، لەتانەکەشدا داوا نەکراوە ئەمری وەلائی دەرکرێت بە راگرتنی ماددەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بڕگەکان جێبەبجێ دەبن، تاوەکو بڕیاری کۆتایی لە لایەن دادگەی فیدراڵییەوە دەدرێت".
بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا رێنماییەکان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەربکرێن و، لە مانگی داهاتووشەوە دەست بە ناردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ئەحمەد شەرمانی، پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەو تانەیەی پێشکێشکراوە، دەڵێ "دادگەی فیدراڵیی بریاردان لە بارەیەوە دواناخات، چاوەڕان دەکرێت لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا بڕیاری کۆتایی بدات، پاشان ئەمە کاریگەریی نابێت لەسەر دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاسای بودجە گشتی".
بەپێی یاسای بودجە، ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ تەواوی ساڵی 2023 تەرخانکراوە، بڕەکەی 10 تریلیۆن و 867 ملیار دینارە، واتە مانگانە 906 ملیار دینار تەرخانکراوە.