عامر فەیلی: ئەمساڵ پشکی حەج بۆ کوردانی فەیلی تەرخاننەکرا

15-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

 ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کە کوردی فەیلییە دەڵێت، وێڕای بڕیاری حکومەتی عێراق، بەڵام ئەمساڵ پشکی حەج بۆ کوردانی فەیلی تەرخاننەکرا. 
 
عامر داود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، رۆژی شەممە 15-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 426ی حکومەتی عێراق، پێویستە ساڵانە پشکی حەج بۆ کوردانی فەیلی هەبێت، بەڵام ئەمساڵ هیچ پشکێک بۆ کوردانی فەیلی دیاری نەکرا". 
 
 ئەمساڵ 33 هەزار و 690 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی فەرمی چوونە حەج.
 
کوردانی فەیلی لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا رووبەڕووی نەهامەتیی زۆر بوونەوە. لە دوای 2003یشەوە کاری پێویست بۆ پاڵپشتیکردنیان و قەرەبووکردنەوەیان نەکراوە. 
 
رۆژی 21-05-2024، وەزارەتی دادی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، خالید شوانی، وەزیری داد راسپاردەکانی فەرمانی دیوانیی ژمارە 33ـی ساڵی 2019ـی پەسندکرد کە پەیوەستن بە سڕینەوەی کاریگەرییە خراپەکانی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس لەسەر کوردانی فەیلی.
 
وەزیری دادی عێراق داوای کرد، گشتاندنێک بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتەکە دەربکرێت و سەرجەم داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە فەرمانبەرانی کوردانی فەیلییان پێبدرێت؛ هاوکات داوای لە بەشی دەستبەسەرداگرتنی بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەکانی دەوڵەت لە وەزارەتی دارایی کرد زانیاریی تەواویان پێبدەن لەبارەی خانووبەرەی ئەوانەی پێش ساڵی 2003 دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
وەزیری داد بڕیاریدا بە دامەزراندنی یەکەیەکی تایبەت بە کاروباری هاووڵاتیان بەمەبەستی وەرگرتن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کوردانی فەیلی، لەپێناو گەرەنتیکردنی مافەکانیان، وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی داد هاتبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە