بڕیارە قایمقامەکانی پارێزگای نەینەوا دوای جەژن هەڵبژێردرێن

15-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، دوای جەژن قایمقامەکان هەڵدەبژێردرێن.
 
محەممەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رۆژی شەممە 15-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای جەژنی قوربان، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆدەبێتەوە و ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە یەکلایی دەکاتەوە."
 
لە 28ی ئادارەوە تاوەکو 14ی ئایار دەرگەى خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال کرایەوە؛ 10 کەس سیڤیی خۆیان بۆ لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نارد.
 
بڕیار بوو یەکشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا قایمقامی شنگال هەڵبژێرێت، بەڵام پرۆسەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
 
لە رۆژی 30-05-2024ەوە دەرگای بەربژێربوون بۆ پۆستی قایمقامەکانی تلکێف و تەلەعفەر لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەکانی رەبیعە، مەحلبییە، شۆرە و باشیک کرایەوە و رۆژی پێنجشەممە 06-06-2024 وادەکە کۆتاییهات.
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی شەممە 15-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دیاریکردنی قایمقامەکان و بەڕێوەبەری ناحیەکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەن نییە. دەبێت هەڵبژاردن لە قەزا و ناحیەکان بکرێت."
 
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، سەرۆکی فراکسیۆنی عەزم لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رۆژی 08-06-2024 بە رووداوی گوت، بە نووسراوی فەرمی داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردووە، هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دوابخرێت.
 
بە گوتەی شێخ ئەحمەد، میکانیزمی هەڵبژاردنەکە هەڵەیە و رێگە دروستەکە ئەوەیە پارێزگار بۆ هەر پۆستێک سێ بەربژێر پێشکێش بکات و ئەنجوومەنیش یەکێکیان هەڵدەبژێرێت.
 
بەڵام محەممەد جاسم کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە دەڵێت، لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی قەزا و ناحیەکان نەکراوە، دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایە دەرگای بەربژیربوون بکاتەوە و دواتر بە دەنگدان پۆستەکان یەکلایی بکاتەوە؛ بەڵام بۆ پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەبێ پارێزگاری سێ بەربژێر بۆ ئەنجوومەن بنێری و لە ئەنجوومەنەکە دەنگ لەسەر یەکێکیان بدرێت.
 
بەگوێرەی بڕگەی یەکەم لە مادەی 6ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراق، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێت و دوای شەش مانگ و لە قۆناخی دووەمدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی قەزا و ناحیەکان دەکرێت. تاوەکو ئێستا لە عێراق هەڵبژاردنی قەزا و ناحیەکان نەکراوە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان چوار ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوو ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.