نێچیرڤان بارزانی: چاومان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە لەگەڵ قەتەر

رووداو دیجیتاڵ 

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا چاوی بە میری قەتەر دەکەوێت و ئێوارە خوانێک لەگەڵ میری قەتەر و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆی کردنەوە. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، چاویان لەوەیە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ قەتەر بەرەوپێشەوە ببەن. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا نووسی: " شەرەفمەند بووم بە دیداری لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر و هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر."
 
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، سەردانەکەی میری قەتەر بۆ عێراق "پێشڤەچوونی بەرچاو لە پەیوەندیی نێوانمان دووپات دەکاتەوە. چاومان لەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ قەتەر بەرەوپێشەوە ببەین." 
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی حوزەیرانی 2023، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەخوانێکی بەبۆنەی سەردانەکەی شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی میری قەتەر لە کۆشکی سەرۆکوەزەیران لە بەغدا سازکرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق؛ خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە و ئەندامانی شاندی قەتەری و عێراقی ئامادەی بوون. 
 

 

ئەمڕۆ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر، بەسەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغدا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا. 
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، هەردوولایەن ئاماژەیان بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق-قەتەر کرد و دواتر وەزیرانی هەردوولایەن واژۆیان لەسەر ژمارەیەک رێککەوتننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش کرد. 
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، "قەتەر وەک یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانی هاوپەیمانمان لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. ئەمڕۆ هەلە ئابوورییە بەردەستەکان و ئەو دەرفەتانەی کە دەکرێت کۆمپانیا قەتەرییەکان لە بواری پلانەکانمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق و پرۆژە مەزنەکانی ژێرخان کاری تێدابکەن خرانە بەرباس و لێکۆڵینەوە". 
 
سوودانی راشیگەیاند، کاتێک باس لە هەل و دەرفەتی وەبەرهێنان دەکەین، بەدڵنیاییەوە پرۆژەی داهاتوومان کە رێگەی گەشەپێدانە دێتەپێشمان کە لەنێویاندا بەندەری فاو و شاری پیشەسازیی دەبێت. ئەم پرۆژە مەزنە بۆ عێراق و ناوچەکە مایەی بایەخە و دەرفەتێکی گرنگ و هەستیارە بۆ هاوبەشی ئابووریی. ئێمەش دڵخۆشین بە رژدبوونی دەوڵەتی قەتەر بۆ بەدەمەوەهاتن و قبووڵکردنی لەم پرۆژەیەدا. 
 
راشیگەیاند، دووپاتی دەکەینەوە وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی لە توانایاندایە قەوارەیەکی ئابووریی سەرکەوتوو پێکبهێنن بۆ ئەوەی تەواوی گەلانی ناوچەکە تێیدا سوودمەند بن. ئێمەش بۆ ئەم ئامانجە کاردەکەین و بۆ ئەمەش کۆنگرە و دیدارمان بۆ ئەم ئاراستەیە سازکرد و دەکەین. بەتایبەتی کۆنگرەی بەغدا 2023 کە لەژێر ناونیشانی تەواوکاری ئابووریی و سەقامگیری هەرێمی دەبێت و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵە بکرێت. 
 
لەلای خۆیەوە، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر رایگەیاند، "ئەمڕۆ ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتننامە واژۆکران. سەرباری ئەمەش؛ نیازی هاوئاهەنگیی قەتەر-عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا راگەیێندرا. هەروەها لەسەر ئاستی کەرتی تایبەتیشدا ژمارەیەک رێککەوتن لەگەڵ قەتەر لە بواری زۆر گرنگدا واژۆکران وەک وزە، کارەبا، پێشخستنی یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ و بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان لە عێراق. هەروەها گفتوگۆمان لەبارەی دەسپێشخەرییە هەرێمییەکان کرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا. بەتایبەتی کارکردن لە پرۆژەی گرێدانی تۆڕی کارەبای کەنداو بۆ گەیاندن و بەستانیان بەتۆڕی کارەبای باشووری عێراق، ئەمەش لەپێناو پڕکردنەوەی خواستی تەزووی کارەبا بۆ عێراق. هەروەها بەشداریکردنی قەتەر لە دەسپێشخەری پرۆژەی رێگای گەشەپێدان".