لە هەر پارێزگایەکدا تێستی سەرژمێریی دانیشتووان لە گوندێک و شارێک دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق تێستی سەرژمێریی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، سەرژمێرییەکە "ئەلیکترۆنی دەبێت و زیاتر لە 120 هەزار تابلێتی تێدا بەکاردەهێندرێت."
چوارشەممە (15ـی ئایاری 2024) وەزارەتی پلاندانانی عێراق مەشق و راهێنانەکانی بۆ تێستی سەرژمێریی دانیشتووان بە فەرمانبەرانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستپێکرد.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کۆتایی ئەم مانگە تیستی سەرژمێری دانیشتووان لە هەموو پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستپێدەکات، بڕیارە لە هەر پارێزگایەک دوو ناوچە دیاری بکرێت بۆ ئەوەی سەرژمێرییەکەی تێدا بکرێت، یەکێکیان لە گوندەکان و ئەوی دیکە لە شار دەبێت، تێستەکە لە سەرجەم پارێزگەکان لە یەک کاتدا ناکرێت."
حکومەتی عێراق رژدە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتی دانیشتووان و خانووبەرە بکات. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت "تائێستا هیچ پاشگەزبوونەوەیەک لە سەرژمێریکردنی گشتیی دانیشتووان نییە، نیوە زیاتری رێگەکە و ئامادەکارییەکانمان تەواو کردوون."
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتی دانیشتووان بکات، کە یەکێکە لە دیارترین پێداویستییەکانی ژیانی سیاسیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و لایەنەکانی دیکە.
عەبدولزەهرە هینداوی گوتی "سەرژمێرییەکە ئەلیکترۆنی دەبێت."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لەگەڵ ئەوەی ئاماژەی بۆ بوونی هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێریی گشتی دانیشتووان کرد، دەڵێت "گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی 120 بۆ 130 هەزار تابلێت کردووە، بەشێکی گەیشتووە و بۆ تێستی سەرژمێریی کۆتایی ئەم مانگە بەکاردەهێندرێت."
لە ساڵی 2009ـوە، حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لێی.
عێراق، بڕیاریدابوو ههر 10 ساڵ جارێك سهرژمێری بکات، له ساڵانی: 1927، 1934، 1947،1957، 1965، 1977، 1987، 1997 سەرژمێری کردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە دوایین سەرژمێرییەکەدا نەبووە و ئێستا عێراق کار بە سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکات.
لە دوایین سەرژمێریدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتە 19 ملیۆن و 184 هەزار و 534 کەس. بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.