رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی بڵاوکردەوە. بەپێی کارنامەکە جگە لە دەنگدان بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، خوێندنەوەی دووەمیش بۆ هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەکات.
کاژێر 1ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممەی داهاتوو، 18ـی ئایاری 2024 پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە، کارنامەی کۆبوونەوەکە لە سێ بڕگە پێکهاتووە، ئەوانیش:
- راپۆرت و گفتوگۆکردنی رەشنووسی یاسای پشووە فەرمییەکان.
- راپۆرت و گفتوگۆی رەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق (درێژکردنەوەی وادەی یاسایی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە).
- هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان.
کاروان یاروەریس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەو کۆبوونەوەیەدا دوو بڕگەی گرنگ تاوتوێ دەکرێن، یەکەمیان درێژکردنەوەی وادەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ شەش مانگی دیکە، چونکە 7ـی تەممووز وادەی یاسایی بەسەردەچێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشمان لەپێشدایە، بڕگەیەکی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانە."
نزیکەی شەش مانگە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەتاڵە. کاروان یاروەیس دەڵێت "بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، کۆدەنگییەکی باش لەسەر هەڵبژاردنی مەحموود مەشهەدانی هەیە، بەڵام رکابەرەکەشی کە سالم عیساوییە، بەهێزە."
رۆژی سێشەممە 15-11-2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامیێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن."
ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لەبەردەم دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە شایستەی خۆی دەزانێت، پشتگیری لە مەحموود مەشهەدانی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ