بانکی ناوەندیی عێراق دۆلار بە هەرزانتر دەداتە ئەوانەی حەج دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق داوا لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەکات دۆلار بۆ ئەو کەسانە دابینبکەن کە بۆ گەشتی حەجی ئەمساڵ دەچنە سعودیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
 
بەپێی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق کە (سێشەممە 14ـی ئایاری 2024) لەلایەن جێگری پارێزگاری بانکەکە بە وەکالەت واژۆکراوە و، ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی کردووە، داوایان لێدەکات دۆلار بۆ حاجییان تەرخان بکەن.
 
لەکاتێکدا لە بازاڕەکان نرخی 100 دۆلار لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا لەنێوان 145 بۆ 147 هەزار دینار بووە، بە گوێرەی نووسراوەکە، هەر کەسێک حەج بکات سێ هەزار دۆلاری بە نرخی فەرمی (131 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار) دەدرێتێ. 
 
هێشتا روون نییە ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی حەج دەکەن لەو بڕیارە سوودمەند دەبن یان نا.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
 
کاروان ستوونی گوتی "بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان لقەکانی بانکەکانی حکومەتی عێراق نییە، بۆیە کێشەمان هەیە، هەوڵدەدەین هیچ نەبێت لە شوێنە نزیکەکانی وەکو کەرکووک و موسڵ وەربگیرێت."
 
ئەمساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج ناویان لە تیروپشک دەرچووە. نرخی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4800 دۆلار و بە وشکانی 4000 دۆلارە.