عێراق دوو ناوچە لە تیشکدانەوەی یۆرانیۆم پاک دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری خوێندنی باڵای عێراق رایگەیاند، بنکەی ئاسمانیی بەلەد و ناحیەیەکی سەر بە پارێزگای بەغدا لە پیسکەرە تیشکییەکان پاککراونەتەوە.
 
نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە هاوکات سەرۆکی دەستەی وزەی ئەتۆمیی عێراقە رایگەیاند، تیمەکانیان لە ماوەیەکی پێوانەییدا هەردوو بنکەی ئاسمانیی بەلەد و ناوچەیەکیان لە ناحیەی نەهرەوانی سەر بە قەزای مەدائین لە پارێزگای بەغدا لە پیسکەرە تیشکییەکان پاککراونەتەوە.
 
بە گوتەی عەبوودی، کارەکە لە چوارچێوەی پلانێکی نیشتمانییە بۆ لابردنی پیسکەرەکان، تیمەکان رووپێوێکی تیشکییان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە شوێنەکان بەتەواوەتی پیسکەرەکانی تیشکییان تێدا نییە.
 
 کۆتایی مانگی رابردوو تیمەکانی سەر بە سەنتەری پاراستن لە تیشکدانەوە، پشکنین و رووپێوییان بۆ ئەو دوو ناوچەیە کردبوو.
 
بۆ دڵنیابوونەوە لە کارەکە، فەرمانگەکە پشتی بە رووپێوی لێکۆڵینەوەیی و ئامێرەکانی رووپێوی تیشکی و نەخشەی دابەشبوونی چالاکییەکانی تیشکی لە ناوچەکان و شوێنەکانی نزیک لەو دوو ناوچەیە بەستووە، جگە لە تۆمارکردنی سەرجەم داتاکان و هەڵگرتنی نموونەی خاک بەمەبەستی شیکردنەوەی لە تاقیگەکانی سەنتەرەکە.
 
لە ماوەکانی رابردوودا پیسبوونی تیشکی لەو ناوچانە لە رێگەی یۆرانیۆمی پیتێندراو دۆزرایەوە، لە ساڵی 2008 لە ناوچەیەکی نزیک لە نەهرەوان ئەو پیسبوونە ئاشکراکرا.