پێشنیاز دەکرێت بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بکرێتە 4 تریلیۆن دینار

15-05-2023
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پێشنیاز دەکات یەک تریلیۆن و پێنج سەد مليار دينار بۆ بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق زیاد بکرێت و بکرێتە چوار تریلیۆن دینار؛ ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "ئەو زیادکردنە بە گواستنەوە دەبێت لە بودجەى وەزارەتى دیکەوە."
 
شێروان دووبەردانى، ئەندامى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، 15-5-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێشنیاز کراوە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان لە دوو تریلیۆن و پێنج سەد ملیار دینارەوە زیاد بکرێت بۆ  چوار تریلیۆن دینار."
 
شێروان دووبەردانى گوتیشى، "زیادکردنى بڕەکە پشکى پارێزگاکان لەو بودجەیە زیاد دەکات، بەڵام پێوەرى دابەشکردنەکەى وەک خۆیەتى".
 
بەگوێرەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى عێراق، بڕى دوو تریلیۆن و پێنج سەد ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ پەرەپێدانى پارێزگاکان کە لەسەر بنەماى ژمارەى دانیشتووان و رێژەى هەژارى بەسەر پارێزگاکانى عێراق دابەش دەکرێت؛ پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیەدا 276 ملیار و 550 ملیۆن دینارە.
 
لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق پێشتر پێشنیازى کردبوو ئەو پارەیە بکرێتە پێنج تریلیۆن دینار.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژی دووشەممە، 15-5-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو پشنیازى چوار تریلیۆنە لە رێگەى گواستنەوەوە دەبێت لە بودجەى ئەو وەزارەتانەى دیکە کە بودجەیان زۆرە، واتە پارەى پڕۆژەیاساى بوجە زیاد ناکرێت".
 
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق بۆ ماوەى سێ ساڵە و قەبارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە و زیاتر لە 16 تریلیۆن دیناری پشکى هەرێمى کوردستانە.
 
جەمال کۆچەر رایگەیاند، زیادکردنى پارەى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان پێشنیازى لیژنەکەیەتى و بۆ ئەوە رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتى دارایی نەکراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە