رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى چوار سکاڵا دەکات کە لەدژى دانیشتنێکى پەرلەمان پێشکێشکراون، کە تایبەت بوو بە هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکان.
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، ئەمڕۆ (دووشەممە، 15ـی ئایارى 2023) دادگەکە تاوتوێى چوار سکاڵا دەکات کە لە لایەن چوار پەرلەمانتارى عێراقەوە پێشکێشکراون لەدژى کۆبوونەوەى ژمارە 15ـی پەرلەمان کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق.
ئەو کۆبوونەوەیەى پەرلەمانی عێراق کە پەرلەمانتارەکان سکاڵایان لەدژی تۆمارکردووە، لە 19ـی ئادارى 2023 کرا و تایبەت بوو بە دەنگدان بە هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کە لەگەڵ یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا کرانە یەک یاسا.
سکاڵاکارەکان پێکدێن لە: محەممەد جاسم محەممەد، ئەندامى لیژنەى یاسایی، عەللا روکابی، سەرۆکى فراکسیۆنى ئیمتیداد، نیسان عەبدولرەزا، ئەندامى فراکسیۆنی ئیمتیداد و ئەمیر مەعموورى، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق.
محەممەد جاسم محەممەد ئەمڕۆ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "سکاڵاکە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە بەپەلە خرایە نێو کارنامەى دانیشتنەکەوە، لەکاتێکدا بەگوێرەى پەیڕەوى نێوخۆى پەرلەمان، دەبوو پێش 48 کاژێر رابگەیێندرێت".
لەو کۆبوونەوەیەى پەرلەمان، بەشێک لە مادەکانى هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەنگیان لەسەر درا و لە کۆبوونەوەی ژمارە 16ـی پەرلەمانیشدا لە 27ـی ئادار، دەنگ بە تەواوى مادەکانى ئەو پڕۆژەیاسایە درا کە جێگەى ناڕەزایی بەشێک لە پەرلەمانتارە سەربەخۆ و ئۆپۆزیسیۆنەکان بوو.
محەممەد جاسم محەممەد گوتیشی "ئەگەر دادگە دانیشتنى ژمارە 15 هەڵبووەشێنێتەوە، کاریگەرى لەسەر رەوایی دانیشتنى دواترى پەرلەمانى عێراق دەبێت".
بەگوێرەى هەموارى یاساکە، بڕیارە لە 6ـی تشرینى دووەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بکرێت؛ ناڕەزایی بەشێک لە پەرلەمانتاران دژى ئەوە بوو؛ هەژمارکردنى دەنگ بە گوێرەى سیستمى سانت لیگۆ دەبێت، کە لە بەرژەوەندى پارتە گەورەکانە، ئەوەش جگە لە گۆڕینى بازنەى هەڵبژاردنەکان لە فرەبازنەیى نێو یەک پارێزگاوە بۆ 18 بازنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ