سوودانی: یادی ئەنفال دەکەینە دەستپێکێک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی کارکردن و بنیادنانەوە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "یادی بەئازاری ئەنفال دەکەینە دەستپێکێک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی کارکردن، بنیادنان و بەخشین".
محەممەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ شەممە و بە بۆنەی ساڵیادی ئەنفالەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "لەم رۆژانەدا بەبێ دەنگی و رێزگرتن و خەمگینییەوە، یادی پرۆسەکانی ئەنفال دژی گەلی کوردی خۆشەویست دەکەینەوە، کە رژێمی دیکتاتۆری بەعسی ئەنجامیدا، کە دڕندەترین ستەمکاری و دوژمنکاری تۆمارکرد. هیچ رژێمێک تاوانی بەم شێوەیە لە رق و کینە و رەگەزپەستی دژی هاووڵاتییانی خۆی ئەنجام نەداوە".
سوودانی باسی لەوە کردووە، "تاوانباران سزای خودا و یاسایان وەرگرت، بۆ هەتا هەتا بەرگی شەرمەزارییان لەبەرکرد، بەڵام بەهۆی ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییەی دژی مرۆڤایەتی ئازار و حەسرەت لە سینگەکاندا هەر ماوە".
رۆژی 14-4-2023، 35 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕ بوو کە یەکێک بوو لە هەوڵەکانی بەعس لە عێراق بۆ قڕکردنی گەلی کورد.
ئەو هەڵمەتە بەھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک ئەنجامدرا و لە 22ـی شوباتی 1988ـەوە دەستیپێکرد و تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو؛ قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانیی هەبوو گەورەترین کۆمەڵکوژییە بە بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات کە "گەلەکەمان ئەمڕۆ لە دۆخێکی باشدایە و پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان پێکهاتە جۆراجۆرەکان هەیە. گەلەکەمان شەڕی دیکتاتۆریەتی کرد و بۆ هەتا هەتا لەگۆڕی نا".
محەممەد شیاع سوودانی باسی لەوەش کردووە "ئەمڕۆ ئەم یادە بە ئازارە دەکەینە دەستپێکێک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی کارکردن و بنیادنان وبەخشین. ئەم یادە دەبێتە هاندەرێک بۆ نەوەکانی هاوتەمەن لەگەڵ ئەم تاوانە یان نەوەکانی دواتر کە دەستی یەکتر بگرن و پشتیوانیی یەکدی بن لەپێناو عێراقێک کە تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و گۆڕی بەکۆمەڵ تێدا دووبارە نەبنەوە".