تەقینەوەیەکی خوێناوی لە بەغدا؛ کەسێک کوژراوە و 12ی دیکەش برینداربوون

15-04-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
ڤیدیۆی شوێنی تەقینەوەکە
ڤیدیۆی شوێنی تەقینەوەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ناوچەی حەبیبییەی بەغدا تەقینەوەیەک روویدا و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان زیاتر لە 10 کەس برینداربوون. هەروەها باس لە کوژرانی چەند کەسێکیش دەکرێت. 
 
تەقینەوەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-04-2021 لە ناوچەی حەبیبییەی رۆژهەڵاتی شاری بەغدا روویداوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە تەقینەوەیەکەی بەغدا کەسێک کوژراوە و 12ی دیکە بریندابوون.
 
دوای تەقینەوەکە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەک لە بازاڕێکی ناوچەی حەبیبییە لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا روویداوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و 12 دیکە برینداربوون و 5 ئۆتۆمبێلیش سووتاون، ئەمە زانیاریی سەرەتایین و دواتر وردەکارییەکەی بڵاودەکەنەوە.
 
مستەفا گۆران، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، تەقینەوەکە لەنێوان کاژێر 2:05 خولەک بۆ 2:10 خولەک روویداوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش تاوەکو ئێستا 14 کەس برینداربوون و باس لە کوژرانی چەند کەسێکیش دەکرێت. 
 
 
بەگوتەی مستەفا گۆران، تەقینەوەکە لە نزیک چێشتخانەیەک روویداوە، "بەڵام پێناچێت بۆمبی چێنراوبێت." ئاماژە بەوەش دەدات"برینی بەشێک لە بریندارەکان سووکە و نەچوونەتە نەخۆشخانە و خۆیان تۆمارنەکردووە. بەڵام ناوچەکە زۆر قەرەباڵخە و پێدەچێت تەقینەوەکە زۆر گەورە بێت."
 
عەلی ئەبو فەزڵ، شرۆڤەکاری ئەمنیی لە بەغدا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەهۆی تەقینەوەکەوە رێگەکانی نزیک ناوچەکە داخراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی ئەمنی نییە تاوەکو بزانین هۆکاری سەرەکی تەقینەوەکە چییە. بەڵام بێگومان بەهۆی ململانێکانەوە کێشەی ئەمنی و تەقینەوە دروست دەبن و ئەمەش پەیوەستە بە ئیدارەی بەڕێوەبردنی ئەمنیی عێراق."

 

 

وێنەیەک لە شوێنی تەقینەوەکە
وێنەیەک لە شوێنی تەقینەوەکە

 
نوێدەکرێتەوە.. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە