رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەردانیکارێکی بەردەوامی بەغدای پایتەختی عێراقە و لە سەرەتای ساڵی 2022ـوەوە، 35 جار سەردانی بەغدای کردووە، واتە لە ماوەی هەر دوو هەفتەدا جارێک چووەتە بەغدا و زۆرینەی کۆبوونەوەکانیشی لەو ماوەیەدا، هەر لە پایتەختی عێراق بووە.
پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بنکەی سەرەکیی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکایە، راپۆرتێکی لەبارەی ستراتیژیەتی یەکێتی لەدوای بوونی بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی ئەو حیزبە، بەناوی "بافڵ لە بەغدا: دۆزینەوەی نەخشەڕێگەی ستراتیژی یەکێتی لە عێراقی فیدراڵ"، بڵاوکردووەتەوە.
لە راپۆرتەکەی پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لە 15ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، هەروەها پانێڵە تایبەتییەکەی تاڵەبانی لە کۆڕبەندی هەولێر لە سەرەتای ئەم مانگە کراوە، کە لە هەردووکیاندا، بافڵ تاڵەبانی ویستی خۆی و پارتەکەی نەشاردووەتەوە بەوەی دەیانەوێت لەگەڵ بەغدا کار بکەن و رایگەیاندووە: "دەکرێت ئێمە لەرێگەی بەغداوە خزمەت بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین".
بافڵ تاڵەبانی 93 کۆبوونەوەی لە بەغدا کردووە
پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پەیمانگایەکی سەربەخۆیە و لە ساڵی 1946 لە واشنتن دامەزراوە، توێژینەوە و راپۆرتەکانی تایبەتن بە پرس و قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی پەیمانگەکە لە چوارچێوەی راپۆرتەکەی ئاشکرای کردووە، تاڵەبانی کوڕ لە کۆبوونەوەکانی لە بەغدا زیاتر لەگەڵ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە و گرووپەکانی نزیک لەوان و نێردە و دیپلۆماتکارە بیانییەکان لە بەغدا کۆبووەتەوە، بەڵام هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ رکابەرە سیاسییەکانی وەکو سەدرییەکان، گرووپەکانی نزیک لە تشرینییەکان نەبووە، لە هەمووشی گرنگتر؛ هیچ کۆبوونەوەیەکی لە بەغدا لەگەڵ پارتی نەبووە.
راپۆرتەکەی ئەو پەیمانگە ئەمریکییە، ئاشکرای کردووە لە ماوەی 15 مانگی رابردوودا، سەرۆکی یەکێتی 139 کۆبوونەوەی کردووە. کە 93ـیان لە بەغدای پایتەختی عێراق بوون، کە دەکاتە 67٪ـی کۆی کۆبوونەوەکانی و تەنیا 32٪ـی کۆبوونەوەکانی لە هەرێمی کوردستان بوون. لەو رێژەیەش 23٪ـی کۆبوونەوەکانی لە سلێمانی بوون و تەنیا 9٪ـی کە 12 کۆبوونەوە بوون، لە هەولێر بووە.
هەروەها لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانیدا، بافڵ تاڵەبانی یەک جار سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە و دوو کۆبوونەوەشی لەو پارچەیەی کوردستان کردووە.
تاڵەبانی زۆرترین جار لەگەڵ قەیس خەزعەلی کۆبووەتەوە
بەپێی خشتەیەکی نێو راپۆرتی ئەو پەیمانگە ئەمریکییە، لەنێو کۆبوونەوەکانی بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا، 33٪ـی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووە، دوای ئەوانیش 30٪ـی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ دیپلۆماتکارانی بیانی بووە. لەنێو سەرکردە ناسراوەکانی لایەنە شیعەکانیش، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، زۆرترین جار کۆبووەتەوە کە 16 جار بووە.
دوای ئەویش، 15 جار لەگەڵ رایان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیوون و 13 جاریش لەگەڵ موسەننا سامەرایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم کۆبووەتەوە.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی تاڵەبانی لەگەڵ رایان کلدانی، پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بە نزیکییان داوە و بەوەی هەمیشە بە پێکەنین و باوەشێکی تووندەوە یەکدی دەبینن، ئاشکراشی کردووە هەندێک چاودێر رایانگەیاندووە پلانی تاڵەبانی لە نزیکبوونەوە لە کلدانی ئەوەیە؛ یەکێتی دەیەوێت رکابەرایەتی پارتی بکات بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی کریستیانەکان کە لە پەرلەمانی کوردستان تەرخانکراوە، بەوەی پشتگیریی بەربژێرێکی کلدانییەکان بکات.
لە درێژەی راپۆرتەکەی پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی یەکێتی کراوە، راپۆرتەکە دەڵێت: "لەزۆر رووەوە، پارتەکەی تاڵەبانی رووبەڕووی قەیرانی جیدی بووەتەوە و لەنێوخۆ درز بوون و لایەنگر و دەنگدەری لە بنکە بەهێزەکەی کە پارێزگای سلێمانییە، لەدەستداوە. لە هەمان کاتیشدا لە پێگەیەکی بەرگریدایە بەرامبەر بە رکابەرە سەرسەختەکەی کە پارتییە، لەوەڵامی ئەمانەشدا هەوڵی دەستڕاکێشانی بۆ هاوپەیمانەکانی لە بەغدا بووە".
ستراتیژیەتی نوێی تاڵەبانی.. نزیکبوونەوە لە بەغدا
هەروەها پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەکات ئەو ستراتیژیەتەی ئێستا بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی پەیڕەوی دەکات، لە ئەنجامی دوو خاڵ دێن کە بریتین لە؛ خراپیی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر پرسەکانی کۆنترۆڵکردنی نەوت و گازی کوردستان و بودجەی فیدڕاڵی و ئاییندەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان. هەروەها گرژییە سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی: "نەیارەکەی هەولێر وایکردووە یەکێتی ناچار بێت بە دوای هاوپەیماندا بگەڕێت و پێدەچێت لە بەغدا دۆزیبێتییەوە".
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ یار و نەیارەکانی، بافڵ تاڵەبانی 51٪ـی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئەو لایەنانە بووە کە بە هاوپەیمانیی یەکێتی دادەنرێن و، 29٪ـی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنی بیانی بووە، تەنیا 2٪ـی کۆبوونەوەکانی تاڵەبانی لەگەڵ رکابەرە سیاسییەکانی بووە. هەروەها 11٪ـی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تەنیا 2٪ـی کۆبوونەوەکانی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، هەروەها 3٪ـی کۆبوونەوەکانیشی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ