رووداو دیجیتاڵ
راگەیێندراوێک بەناوى بزووتنەوەى نوجەبا دژى "هێزە داگیرکارەکان" لە عێراق بڵادەکرێتەوە، بەڵام میدیای فەرمیى عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ گرووپێکى چەکدار راگەیێندراوى هەڕەشەئامێزی لە هێزەکانى ئەمریکا بڵاوکردبێتەوە.
راگەیێندراوەکە رۆژى هەینى، 14ى شوبات بە ناوى بزووتنەوەى نوجەبا دەرکراوە و لۆگۆى هێزێکى بۆ زیاد کراوە بە ناوى "هێزى بورهان" .
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، ئاماژە بە دروستکردنى "هێزى تایبەتى شەڕکەرى بورهان" دراوە کە گوایە بۆ بەرگریکردنە لە خاک و گەلى عێراق دژى "داگیرکاریى نێو عێراق و دەرەوەى".
دواى بڵاوبوونەوەى ئەو راگەیێندراوە، میدیاى فەرمیى عێراق لە زارى سەرچاوەیەکى بەرپرسەوە کە ناوى نەهێناوە، رەتیکردەوە هیچ گرووپێکى چەکدار راگەیێندراوى بڵاوکردبێتەوە و تێیدا هەڕەشەى لە هێزەکانى ئەمریکا کردبێت.
بزووتنەوەى نوجەبا لە پێگە فەرمییەکانى خۆى راگەیێندراوى لەو جۆرەى بڵاونەکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەو هێزە بانگەشەى ئەوەى کردووە کە سەر بەو بزووتنەوەیەیە.
بزووتنەوەى نوجەبا یەکێک بوو لە پێکهێنەرانى سەرەکى ئەو گرووپەى خۆیان بە موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناساند و بەرپرسیارێتى خۆیان لە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق و سوریا رادەگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ