رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بەهۆى "کێشەى بودجە"وە پێشنیازى بۆ لایەنە ئەمنییەکان کردووە، گەڕاندنەوەى کەسوکارى چەکدارانى پێشووی داعش لە کەمپى هۆل لە رۆژئاواى کوردستانە بۆ کەمپى جەدعە لە نەینەوا رابگرن.
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو پێشنیازەیان دواى گەڕاندنەوەى کاروانى ژمارە 21ى کەسوکارى چەکدارانى پێشووی داعش ئاڕاستەى لایەنە پەیوەندارەکان کردووە. ئەو کاروانە لە 9ى شوبات گەڕێندرانەوە.
کەمپەکە لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)دایە لە پارێزگای حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان.
ئەو کەسانە دەبرێنە کەمپى جەدعە لە پارێزگاى نەینەوا، بۆئەوەى پرۆسەى شیاندنەوەیان بۆ بکرێت، بەر لەوەى بگەڕێندرێنەوە زێدى پێشووى خۆیان لە پارێزگا زۆرینە سوننەکان.
عەلى جەهانگیر گوتی، هۆکارى ئەو داواکارییەیان نەبوونى بودجەى پێویستە بۆ پرۆسەى شیاندنەوەکە لە کەمپى جەدعە، هەروەها بودجەى پێویست لەبەردەست وەزارەتەکەی نییە و ئەو رێکخراوانەش کە لە جەدعە پڕۆژەیان هەبوو، بەهۆى راگرتنى هاوکارییەکانى ئەمریکاوە چالاکییەکانیان کێشەى تێکەوتووە.
20ى كانوونى دووەمى 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا فەرمانی کرد سەرجەم هاوکارییە دەرەکییەکانی ئاژانسی ئەمریکا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی رابگیرێت.
ئێستا زیاتر لە 15 هەزار کەسی عێراقی لە کەسوکارى چەکدارانى پێشووی داعش لە کەمپى هۆلن و 3500 کەسی دیکەیان کە گەڕاونەتەوە، لە کەمپى جەدعەن بۆ ئەوەى شیاندنەوەیان بۆ بکرێت.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، پێشنیازەکەیان بۆ راگرتنى گەڕاندنەوەى کەسوکارى چەکدارانى داعش بۆ ماوەیەکە تاوەکو چارەسەرێک بۆ کێشەی بودجە دەدۆزنەوە و یەکێک لە رێگەچارەکانیش ئەوەیە حکومەت گواستنەوەى پارە بکات لە کەرتێکى دیکەوە بۆ سەر بودجەى وەزارەتەکەى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ