رووداو دیجیتاڵ
10 ئەندامى گرووپى قوربان لە پارێزگاى میسان دەستگیرکران. یەکێکیان بە تیروپشک نۆرەى خۆکوشتنى بووە.
ئەندامانى ئەو گرووپە لەلایەن دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراقەوە دەستگیرکران، دواى ئەوەى زانیاری دەست دەزگاکە گەیشت کە یەکێک لە ئەندامەکانى بە ناوى (ع. س) لە تیروپشکى گرووپەکە دەرچووە بۆ ئەوەى لە سێ رۆژى دواتردا خۆى بکوژێت.
قوربان گرووپێکى ئایینییە کە ئەندامەکانی شیعەن. یەکێک لە سرووتەکانیان ئەوەیە لەنێوان خۆیاندا تیروپشک دەکەن بۆ ئەوەى ئەو کەسەى دەردەچێت خۆى بکوژێت وەک قوربانی بۆ عەلى کوڕى ئەبو تاڵیب، یەکەم ئیمامى شیعەکان.
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، ئەو کەسەیان لە یەکێک لە کافتریاکانى میسان دەستگیرکردووە، کاتێک زانیارییان بەدەست گەیشتووە کە ئەو گرووپە بەنیازە ئەو خۆکوشتنە ئەنجام بدات.
لەکاتى لێکۆڵینەوەدا کەسە دەستگیرکراوەکە ناوى ئەندامانى دیکەى گرووپى قوربانى ئاشکراکردووە و دواتر نۆ ئەندامى دیکەى گرووپەکە دەستگیرکراون کە دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى بە "توندڕۆ" ناوى بردوون.
گرووپى قوربان لەساڵى 2020 لە شارى ناسرییەى ناوەندى پارێزگاى زیقار دروست بوون، کارکردنی نهێنیە و تیروپشکى ئەو خۆکوشتنە بە نهێنى لە ماڵى یەکێک لە ئەندامەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ