دژەتیرۆری عێراق ناو و بەرپرسیاریێتی چەکدارە کوژراوەکانی داعش لە کەرکووک بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دژەتیرۆری عێراق ناو و پۆستی ئەو چەکدارانەی داعشی بڵاوکردەوە، کە لەرووبەڕووبونەوەیەکدا رۆژی سێشەممە لە دۆڵی چای لە کەرکووک کوژران.
رۆژی چوارشەممە، 15-2-2023، دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند لە رووبەڕووبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە، 14-2-2023 لە دۆڵی چای لە کەرکووک توانیویانە سێ چەکداری داعش بکوژن، کە ناو و پۆستەکانیان بەوشێوەیە:
- حەموود ئەحمەد عەبدوڵڵا جبووری، ناسراو بە ئەبو جەعفەر، بەرپرسی شەرعیی رێکخراوەکە لە کەرکووک.
- ئەرکان عیزەددەین حوسێن محەممەد چیچانی ناسراو بە ئەبو حارس و ئەبو هاجەر، بەرپرسی سەربازی لە دوبز.
- محەممەد خەڵەف محەممەد سەحل جبووری، بەرپرسی مەفرەزەی سەربازی.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق دوێنێ سێشەممە رایگەیاندبوو لە کەرکووک هێزەکانیان لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری داعش رووبەڕووبوونەتەوە، دوای ئەوەی بە بوونی زانیاریی هەواڵگری، بۆسەیەکی تۆکمەیان بۆ داناون.
دۆڵی چای دەکەوێتە باشووری شاری کەرکووک. یەکێکە لەو شوێنانەی چەکدارانی داعش خۆیانی تێدا حەشار دەدەن، بۆیە زۆرجار رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی تێدا روودەدات.