USAID: ستایشی عێراق دەکەین بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتییانی لە کەمپی هۆل

15-02-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە واشنتن کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ناسراو (USAID)، شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن لەگەڵ سامانسا پاوەر، بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە و باسیان لە پلانەکانی عێراق بۆ چاکسازیی لە دامودەزگە حکومییەکان و هەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەوی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی عێراق بۆ ناوچەکانی خۆیان کرد.
 
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و پڕۆژە هاوبەشەکانی حکومەتی بەغدا و ئەو ئاژانسە ئەمریکییە کرا و بەڕێوەبەری ئاژانسی USAID ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی کرد لە ئەنجامدانی چاکسازیی و وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا و هەوڵەکانیشی بۆ گواستنەوەی کەرتی ئابووریی عێراق بۆ ئابوورییەک کە پشت بە وزە نوێبووەکان ببەستێت.
 
هەروەها سامانتا پاوەر، پابەندی ئاژانسەکەی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.  
 
فوئاد حوسێن و بەڕێوەبەری USAID، باسیان لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کرد لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و سامانتا پاوەر ستایشی حکومەتی عێراقی کرد لە وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانی لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان و پابەندی حکومەتی ئەمریکاشی دووپاتکردەوە لە هاوکاریکردنی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقیانە.
 
ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2003ـەوە لە عێراق کار دەکات و لە بەرنامەی تایبەتی ئاژانسەکە لە عێراقدا هاتووە کە ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کار لەسەر پێنج ئامانج دەکات، لەوانەش: هاوکاریکردنی ئەو عێراقیانەی بوونەتە قوربانی جەنگ و ململانێکان، بەڕێوەبردنی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری. هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی دەستی داعش. پشتیوانی پلانەکانی حکومەتی عێراق بۆ چاکسازیی لە دامەزراوە حکومییەکان و کەمکردنەوەی رۆتینات و جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزییەت لە فەرمانگە حکومییەکان. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە